کارۆلین لیڤت: دانووستانەکان لەگەڵ ئێران بە باشی بەڕێوەدەچن
کارۆلین لیڤت، گوتەبێژی کۆشکی سپی لەبارەی پێشوەچوونی دانووستانەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا دوێنێ پەیوەندی بە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کردووە و پێی ڕاگەیاندووە، دانووستانەکان لەگەڵ ئێران ڕێڕەوی ڕاستی خۆی وەرگرتووە.
ئەمڕۆ هەینی 23ـی ئایاری 2025، ستیڤ ویتکۆڤ، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا دەگاتە ڕۆمای پایتەختی ئیتاڵیا بۆ سەەرپەرشتی کردنی گەڕی پێنجەمی دانووستانە ناڕاستەوخۆکانی وڵاتەکەی بکات لەگەڵ ئێران، لەبارەی چەکی ئەتۆمی.
دوێنێ پێنجشەممە 22ـی ئایاری 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی وەزیرانی ئیسرائیل، گفتوگۆیان لەبارەی هەنگاوەکانی دانووستانەکان کردووە لەگەڵ ئێران.
ویتکۆڤ یەکشەممەی ڕابردوو لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزۆنیدا بەناوی( ئەم هەفتەیە- سیز ویک) لە تۆڕی میدیایی ئەی بی سی ڕایگەیاندبوو، هەر ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئێران، پێویستە لەسەر بنەمای وەستاندنی پیتاندنی یۆرانیۆم بێت، ئاماژەی بەوەشکردبوو، هێلێکی سووری زۆر ڕوونمان دیاریکردووە کە وەستاندنی پیتاندنی یۆرانیۆمە، ڕێگە نادەن ڕێژەی سەدا 1ـیش ئێران توانای پیتاندنی هەبێت.