بە فەرمی ریال مەدرید دەستبەكاربوونی ئالۆنسۆی راگەیاند

ریال مەدرید لە بەیاننامەیەكدا ناوەرۆكی گرێبەستەكەی لەگەڵ ئالۆنسۆ بڵاوكردەوە

چابی ئالۆنسۆ راهێنەری نوێی یانەی ریال مەدرید
چابی ئالۆنسۆ راهێنەری نوێی یانەی ریال مەدرید

بە فەرمی یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانی رایگەیاند چابی ئالۆنسۆ بۆ سێ وەرزی داهاتوو، تاکو ساڵی 2028 راهێنەرایەتی تیپی یەکەمی یانەکەی دەکات، بڕیارە سبەی دووشەممە لە هۆڵی كۆنفرانسەكانی یانەكە وەكو راهێنەری نوێی ریال مەدرید بناسێندرێت و وەڵامی پرسیارەكانی رۆژنامەنووسانیش بداتەوە.

ئەمڕۆ یەكشەممە، 25 ئاداری 2025، یانەی ریال مەدرید لە بەیاننامەیەكدا دەستبەداربوونی چابی ئالۆنسۆی وەكو شوێنگرەوەی كارلۆ ئانچیلۆتی راگەیاند، لەمبارەیەوە نووسیویەتی: چابی ئالۆنسۆ یەکێکە لە گەورەترین ئەفسانەکانی ریاڵ مەدرید و جیهانیی تۆپی پێ، توانیویەتی وەكو یاریزان 236 یاریی فەرمی بە درێسی ریال مەدرید لە نێوان ساڵانی 2009-2024 ئەنجام بدات و لەو ماوەیەدا 6 نازناوی لەگەڵ یانەكەمان بەدەستهێناوە.
یانە ئیسپانییەکە هێمای بۆ ئەوەش کردووە، ئالۆنسۆ هەروەها ئەفسانەی هەڵبژاردەی ئیسپانیایە، کە توانیویەتی لە ساڵی 2010 جامی جیهانی بباتەوە، لەگەڵ بردنەوەی دوو نازناوی یۆرۆ و 113 یاری نێودەوڵەتی لەگەڵ ماتادۆرەكان.
لە بەیاننامەکەی شاهانەکان هاتووە، ئالۆنسۆ چارەنووسی راهێنەرایەتی لە ئەکادیمیای ریاڵ مەدرید دەستپێکرد، لە وەرزی 2018-2019 سەرپەرشتی تیپی خوار 14 ساڵانی کردووە و توانی نازناوی خول و چامپیۆنزلیگ بباتەوە، ئێستاش وەکو یەکێک لە باشترین راهێنەرەکانی جیهان گەڕایەوە ریاڵ مەدرید، دوای ئەوەی مێژووی لەگەڵ لیڤەرکوزن تۆمار کرد، لەگەڵ ئەم یانەیە توانی نازناوێکی بۆندزلیگا و جامی ئەڵمانیا و جامی سوپەری ئەڵمانیا بۆ سێ وەرز بباتەوە.
بڕیاریشە سبەی دووشەممە لە کاتژمێر 2:30ـی دوای نیوەڕۆ لە مەراسیمێکدا بە ئامادەبوونی فلۆرێنتینۆ پێرێز، چابی ئالۆنسۆ وەکو راهێنەری نوێی ریاڵ مەدرید پێشکەش بکرێت، دوای مەراسیمەکەش چابی ئالۆنسۆ لە هۆڵی کۆنفرانسەکانی یانەکە وەڵامی پرسیارەکانی رۆژنامەنووسان دەداتەوە.