سبەی مووچەی وەزارەتی تەندروستی دابەش دەکرێت
دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت
K24 - هەولێر
دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت و سبەی وەزارەتی تەندروستی وەکو یەکەم وەزارەت، مووچە وەردەگرێت.
وەزارەتی دارایی رایگەیاند "سبه‌ی (سێشه‌ممه 18-8-2020) مووچه‌ی مانگی 3ـی 2020ـی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی خه‌رج ده‌كرێت به هه‌مان رێژه‌ی مانگی 2ـی 2020".
ئەمە لەکاتێکدایە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیراندا بڕیاردرا "مووچە بەپێی ئەو داھاتەی لەبەردەستە، لە زووترین کاتدا بە شێوەیەکی دادپەروەرانە دابەش بکرێت".
ئەنجوومەنی وەزیران لە کۆبوونەوەکەدا هەروەها بڕیاریدا "بۆ لەمەودوا، پێویستە بە میکانیزمی خۆگونجاندن لەگەڵ داھاتی مانگانە و بە شێوەیەکی دادپەروەرانە، مووچە لە کاتی گونجاو‌دا دابەشبکرێت، بە پشتبەستن بە داھاتەكانی ھەرێم... ھەموو مانگێکیش رێژەی مووچە بە پێی داھات دەبێت".
مه‌سرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی ھەرێمی کوردستان و مستەفا کازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق 15-8-2020 لەڕێگەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییەوە لەسەر چەند ھەنگاوێک بەرەو چارەسەركردنى کێشەکان رێککەوتن.
له په‌یوه‌ندییه‌كه‌دا بڕیاردرا، بەپێی دۆخی دارایی ئێستای عێراق، لە نزیکترین کاتدا گوژمەی 320 ملیار دینار وەكو بەشە مووچەیەك لە بەغداوە بۆ ھەرێمی کوردستان بنێردرێت.
دوێنێ، به‌شیر حه‌داد، جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق لەڕێگەی كوردستان24 ئاشكرای كرد "یه‌كێك له بڕیاره‌كانی په‌یوه‌ندییه ته‌له‌فۆنییه‌كه ئه‌وەیە: تاوەکو په‌سه‌ندكردنی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی ساڵی 2021 ده‌چێته بواری جێبه‌جێكردنەوە، به‌غدا له ناردنی 320 ملیار دیناری مانگانه بۆ هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت".