بەغدا.. کەسوکار و قوربانییانی دەرمانی کۆمپانیایەکی فەرەنسی داوای قەرەبوو دەکەن

کەسوکار و قوربانییانی دەرمانێکی کۆمپانیای "ماریۆ"ـی فەرەنسی داوای قەرەبوو دەکەن و دەڵێن: قوربانیانی دەرمانەکە لە وڵاتانی دیکە قەرەبوو کراونەتەوە، تەنیا لە عێراق نەبێت.

ساڵی 1986، وەزارەتی تەندروستیی عێراق گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیای "ماریۆ"ـی فەرەنسی کرد، بە مەبەستی دابینکردنی جۆرە دەرمانێک بۆ تووشبووانی نەخۆشیی هیمۆفیلیا. دوای ئەوەی تووشبووانی هیمۆفیلیا دەرمانەکەیان بەکار هێنا، تووشی نەخۆشیی لاوازیی بەرگری (ئایدز) بوون و ژمارەیەکی زۆریان مردن، ئەوانەی لە ژیانیشدا ماون، بە دەست لێکەوتەکانی دەرمانەکەوە گرفتارن.

 دواتر دەرکەوت ئەو دەرمانەی کۆمپانیا فەرەنسییەکە ناردوویەتی، پڕ بووە لە خوێنی پیسبوو بە ڤایرۆسی ئایدز. پێشتر حکوومەتی عێراق بە فەرمیی سکاڵای لەسەر کۆمپانیاکە تۆمار کردووە و داوای قەرەبووی کردووەتەوە، بەڵام تا ئێستا وەکوو کەسوکاری قوربانییانی هەردوو دەرمانەکە دەڵێن، قەرەبوو نەکراونەتەوە. 

ئەمڕۆ دووشەممە، 26-05-2025، کەسوکاری قوربانییان چوونە بەردەم باڵیۆزخانەی فەرەنسا لە بەغدا، خۆپیشاندانیان کرد و داوای قـــەرەبوو لە کۆمپانیا فەرەنسییەکەیان دەکەن. 

یەکێک لە کەسوکاری قوربانییان کە بەشداریی خۆپیشاندانەکەی کرد، بە شڤان جەباری، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "قوربانییانی دەرمانەکانی ئەو کۆمپانیا فەرەنسییە لە سعوودییە، ئیمارات و وڵاتانی دیکە قەرەبوویان وەرگرتووە، تەنیا لە عێراق قەرەبوو نەدراوە. داوا لە باڵیۆزخانەی فەرەنسا لە بەغدا و حکوومەتی فیدراڵی دەکەین بێنە سەرهێڵ و قەرەبوومان بکەنەوە."

ئەو خۆپیشاندەرە، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەوەشی خستە ڕوو "ئەمە حەوتەمین خۆپیشاندانە دەکەین و هیچ سوودێکیان نییە. پێش ئێستا لەگەڵ وەزیری تەندروستی و بەرپرسانی دیکەی حکوومەتی فیدراڵی کۆبووینەتەوە و بەڵێنی زۆرمان پێ دراوە، بەڵام هیچیان جێبەجێ نەکراون. ئێمە داوای مافی خۆمان دەکەین، نازانین بۆ کەس بە دەم داواکارییەکانمانەوە نایەت؟"

بەشداربوویەکی دیکەش گوتی: "هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، باوکم تووشی نەخۆشییەک بووبوو، چووبووە نەخۆشخانە تاکوو دەرمانی ئەو کۆمپانیا فەرەنسییە وەربگرێت، کەچی ڕۆژ بە ڕۆژ دۆخی تەندروستیی خراپتر بوو و ئێستاش تەندروستیی زۆر خراپە. دوای زیاتر لە 40 ساڵ تا ئێستا قەرەبوو نەکراوینەتەوە."