ترەمپ: پوتن یاری بە ئاگر دەکات
سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت: پوتن درک بەو ڕاستییە ناکات کە ئەگەر من نەبوومایە شتگەلێکی زۆر خراپ بەسەر ڕووسیادا دەهات. گوتیشی: پوتن یاری بە ئاگر دەکات.
سێشەممە 27ـی ئایاری 2025، کەناڵی سی ئێن ئێن، بە پشت بەستن بە چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار بڵاوی کردەوە، ترەمپ دوای ئەوەی نیگەرانی خۆی لە بەرانبەر کارەکانی پوتن دەربڕیوە، بۆیە بیر لە سەپاندنی سزای نوێ بەسەر ڕووسیا دەکاتەوە.
ئاماژەی بەوەش کردووە، لە چەند هەفتەی ڕابردوودا بژاردەکانی سەپاندنی سزا بەسەر ڕووسیا، لەسەر مێزی ترەمپ بوون، بەڵام هێشتا پەسەندی نەکردوون.
کەناڵەکە ئەوەشی ئاشکرا کردووە، ترەمپ بە شێوەیەکی تایبەت نیگەرانی خۆی دەربڕی لەوەی کە سزا نوێیەکان دەتوانن ڕووسیا لە دانوستانەکانی ئاشتی دوور بخەنەوە.
هەر ئەمڕۆ، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس، نوسیوویەتی: پوتن درک بەو ڕاستییە ناکات، کە ئەگەر من نەبوومایە شتگەلێکی زۆر خراپ بەسەر ڕووسیادا دەهات، هەروەها پوتن یاری بە ئاگر دەکات.
ئەم نیگەرانییەی ترەمپیش دوای ئەوە هات، کە ڕووسیا بە مووشەك و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشەکانی بۆ سەر ئۆکرانیا چڕ کردووەتەوە. بە گوتەی ترەمپ بەم هۆیەوە ڕێژەیەکی زۆر لە هاووڵاتیی سڤیل دەبنە قوربانی.
دیموکرات و کۆمارییەکان فشار دەخەنە سەر ترەمپ، بۆ ئەوەی سزاکانی ئەمەریکا بۆ سەر ڕووسیا بە شێوەیەکی بەرچاو توندتر بکات.