مالیكی: ئەمەریکا دەیەوێت ئێران لە عێراق وەدەرنێت

"سەردانەکەی كازمی مێژوویی نییە"

K24 - ھەولێر

نوری مالیکی، لەبارەی سەردانەکەی مستەفا کازمی بۆ ئەمەریکا رایگەیاند، سەردانەكە مێژوویی نییە وەك ئەوەی بانگەشەی بۆ دەكرێت "منیش پێنج جار چوومەته‌ واشنتن".

نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عێراق، لەمیانی دیداری لەگەڵ كەناڵێكی تەلەڤزیۆنێكی عێراقی لە گرنگی سەردانەکەی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی بۆ ئەمەریکا کەمکردەوە و رایگەیاند "منیش پێنج جار چوومەته‌ واشنتن، سەردانەکەش مێژوویی نییە وەک ئه‌وه‌ی بانگەشەی بۆ دەکرێت".

مالیکی گوتی "ئەمەریکا دەیەوێت ئێران لە عێراق وەدەرنێت، بەڵام ئێران سەربازگەی لە عێراق نییە، بەڵکو ئەوەی هەیە پەیوەندی سیاسی نێوان بەغدا و تارانە. یان دەیەوێت حەشدی شەعبی هەڵبوەشێتەوە، ئەمەش بابەتێکی ناوخۆیی عێراقییە".

ئەو گوتانەی مالیكی لەكاتێكدایە دوێنێ 18/8/2020، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق بە سەردانێكی فەرمی گەیشتە ئەمەریكا، ئەمڕۆ كۆبوونەوەكانی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریكا دەست پێدەكات. بڕیارە سبەی چاوی بە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بكەوێت.