کەمتر لە هەفتەیەکی دیکە کارەبای گەڕەکەکانی نێو بازنەی 120 مەتری، دەبێتە 24 کاتژمێری
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: کەمتر لە هەفتەیەکی دیکە، کارەبای هەموو ئەو گەڕەکانەی دەکەونە نێو بازنەی 120 مەتریی هەولێر، دەبێتە 24 کاتژمێری.
پارێزگاری هەولێر ڕاشیگەیاند: بەشێکی کێشەی ئاو لە چەند گەڕەکێکی نێو ئەو بازنەیە، بەهۆی کارەباوە بووە، ئێستا بە بوونی کارەبای 24 کاتژمێری، کێشەی ئاوی ئەو گەڕەکانەش چارە دەکرێت.
لەو کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەدا، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند: سەرووی سەدا 75ـی پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر تەواو بووە، کە لە قۆناغی یەکەمدا 10 هەزار مەتر سێجا ئاو دابین دەکات. سەرەتای مانگی تەممووزی ئەمساڵ، ئاوی ئەو پرۆژە دەگاتە بەشێکی زۆر لە گەڕەکەکانی هەولێر. ڕاشیگەیاند: کۆمپانیایەک تۆڕی ناوخۆیی دروست دەکات، بڕیارە بەر لە وادەی خۆی پرۆژەکە تەواو بکات و لەگەڵ پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاو بەیەکەوە لە مانگی تەممووزدا دەست دابینکردن و دابەشکردنی ئاو بکەن.
پارێزگاری هەولێر ئاشکرای کرد، پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاو دەگاتە زیاتر لە سەدا 70ـی ئەو گەڕەکانەی هەولێر کە ئاوی پرۆژەکانی ئیفراز یەک، ئیفراز دوو، ئیفراز سێیان پێ ناگات و پشت بە ئاوی بیر دەبەستن.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمساڵ، بەهۆی وشکەساڵییەوە دابینکردنی ئاو لە هەولێر و هەرێمی کوردستان بە گشتی، لە دۆخێکی خراپدایە؛ لێکەوتەکانی ساڵی ڕابردووش بەسەر هەرێمی کوردستان و شارەکەوە دیارە، بەڵام پرۆژەی ڕووناکیی دەبێتە هاوکار بۆ کارپێکردنی بەردەوامی بیرەکانی ئاو بۆ ئەو گەڕەکانەی پشتیان بە ئاوی بیرەکان بەستووە.