موسا ئەحمەد: بە پشتیوانیی هەمووان بناغەیەکی پتەو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ماددەی هۆشبەر دادەنێین

موسا ئەحمەد
موسا ئەحمەد

موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ڕایدەگەیەنێت: بە پشتیوانیی وەزارەت و دەستە و ناوەندە پەیوەندیدارەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ڕێکخراوە پیشەییەکان، سەرمایەداران و هاووڵاتییان، بناغەیەکی پتەو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان، دادەنێن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 29-05-2025، بە چاودێریی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەزگای خێرخوازیی بارزانی، هەڵمەتی نیشتمانیی ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانی لە هەولێرەوە ڕاگەیاند، موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە وتەیەکیدا گوتی:  ئەمڕۆ، ڕۆژێکی مێژووییە لە تێکۆشانی مرۆیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە چاودێریی مەسرور بارزانی.

موسا ئەحمەد ڕایگەیاند: وەکو پرۆژەکانی دیکەیان، بە پشتیوانیی وەزارەت و دەستە و ناوەندە پەیوەندیدارەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ڕێکخراوە پیشەییەکان، هاووڵاتییان و سەرمایەدارانی کوردستان، نموونەیەکی جوان و بناغەیەکی پتەو دادەڕێژن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ماددەی هۆشبەر.

سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئاشکرای کرد، پرۆژەی ڕووبەڕووبوونەوەی ماددەی هۆشبەر، پرۆژەیەکی چڕ و پڕ و هەمەلایەنەیە، گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە و لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی زۆریان کردووە بۆ داڕشتنی پلانێک کە لەماوەی ئەمساڵدا، هیچ ناوەندێكی خوێندن و ناوەندێکی ئاینی و مزگەوت، تەنانەت هیچ ماڵێک نامێنێت بە ئاستی تێگەیشتنی خۆیان، ئامۆژگاری و مەترسییەکانی ماددە هۆشبەرەکانیان بەشێوەیەکی زانستی بۆ ڕوون نەکرێتەوە.

سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی ئاماژەی بەوە کرد، لە 26ـی تشرینی دووەمی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردی بناغەی دروستکردنی باڵەخانەی یەکەم ناوەندی شیاندنەوەی ئاڵوودەبووانی ماددە هۆشبەرەکانی لە هەولێر دانا کە لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانی و ڕێکخراوی دەزگای(LDS)ـی ئەمەریکی  دروست دەکرێت.

ئاماژەی بەوەش کرد، بە هەماهەنگیی هاوبەشەکانیان لە کوردستان و عێراق و دەرەوە، لە هەموو پارێزگاکاندا نموونەی ئەو ناوەندە لە هەولێر کاری تێدا دەکرێت، بۆ شیاندنەوەی ئاڵوودەبووانی ماددەی هۆشبەر دەکرێتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 29-05-2025، بە چاودێریی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە دروشمی (بە یەکەوە بەرەو کۆمەڵگەیەکی بەهێز و ساغڵەم)، دەزگای خێرخوازیی بارزانی، هەڵمەتی نیشتمانیی ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانی ڕاگەیاند.

لە هەڵمەتەکەدا، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ، ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردە، سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی و ژمارەیەک دیکە لە بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەشدارییان تێدا کردووە. 

ماددەی هۆشبەر چییە؟ 

ماددەی هۆشبەر وەرگێڕدراوی وشەی "Narcotic"ی گریکییە و بە واتای "بێهۆشکردن" یان "لەهۆشخۆچوون" دێت، ئەمەش واتای ئەوەیە هۆشی مرۆڤ دەبرێت و لە حاڵەتی سروشتی خۆی دادەبڕێت، لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی ئالوودەبوون و ژەهراویبوونی کۆئەندامی دەمار. ماددە هۆشبەرەكان لە ڕێگەی (دەم، دەرزی و کوتان، بۆنکردن، کێشان و هەڵمژین، خستنەژێر زمان و ناو کۆم) بەکار دەهێنرێن.

 جۆرەکانی دەشێت سروشتی بن، لە شێوەی گەڵا و گوڵ و ڕەگی دار، یان نیمچە دەستکرد بن و لە جۆرە سروشتییەکانەوە وەربگیرێن، یان لە تاقیگەدا بە شێوەی حەپ و دەرزی ئامادە دەکرێن، کە بریتین لە (تلیاک، مۆرفین، کۆدایین، هیرۆیین، حەشیش، کراک، شیشە، پیسیدین، میسادۆن، بێنزۆدیازپین، ئەمفیتامینەکان، کۆکاین، ئیفیدرین، بەنگ، فینسیکیدین، هایدرۆکلۆریک، داتورە، کوکا، خات یان فات، کراتم، ناس، متادون،  پاپاورین،  پتادین)

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment