ماکرۆن: داننان بە دەوڵەتی فەڵەستین ئەرکێکی ئەخلاقی و سیاسییە

ئیمانوێل ماکرۆن
ئیمانوێل ماکرۆن

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا ڕایگەیاند: داننان بە دەوڵەتی فەڵەستین تەنها ئەرکێکی ئەخلاقی نییە، بەڵکو داوایەکی سیاسییشە.

هەینی 30ـی ئایاری 2025، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە سەنگافورە ئەو مەرجانەی ئاشکرا کرد کە دەوڵەتی فەڵەستینی لەسەر بونیات دەنرێت.

ماکرۆن ئاماژەی بەوە کرد، لەسەر ئەورووپاییەکانە هەڵوێستەکانیان بەرانبەر ئیسرائیل توند بکەن ئەگەر ڕازی نەبێت بە گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان لەماوەی چەند کاتژمێر و ڕۆژی داهاتوو بە کەرتی غەززە.

کۆشکی ئیلیزێ ڕایگەیاند:"دوێنێ پێنجشەممە 29ـی ئایاری 2025، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لەدوا وێستگەی سەردانەکەی بۆ باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا گەیشتە سەنگافورە،پێشتریش چووە ڤێتنام و ئیندۆنۆسیا".

لە سەردانی چوارشەممەی ڕابردووی بۆ ئیندۆنۆسیا، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا ئاماژەی بەوە کردبوو، فەرەنسا خواستی ئەوەی هەیە دوو دەوڵەت بۆ فەڵەستین و ئیسرائیل بونیات بنرێت و ئاشکرای کرد، ئەو چارەسەرە تێڕوانینی خۆیەتی بۆ کۆتایی هێنان بە گرژی و ئاڵۆزیی نێوان فەڵەستین و ئیسرائیل، ماکرۆن گوتی:" فەرەنسا سیاسەتی دوو فاقی بەرانبەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەیڕەو ناکات.