گەشتیاری زۆر سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی هەورامان و ئاکرێیان کردووە
سەرباری فشارە ئابوورییەکانی بەغدا لەسەر هەرێمی کوردستان، خەڵکی پارێزگاکانی کوردستان وەک نیشاندانی هێز و خۆڕاگریی خۆیان، دوای کۆتایی هاتنی تاقیکردنەوەکانی پۆلە ناکۆتاکان، بۆ گەشت و سەیران چوونەتە ناوچە گەشتیارییەکانی هەورامان و ئاکرێ.
ئەمڕۆ هەینی 30ـی ئایاری 2025، گەشتیارانێکی زۆر لە خواروو و ناوەڕاستی عێراق، هەروەها پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان چوونەتە تاڤگەی زەڵم لە هەورامان، هەندێک لەو گەشتیارانە بڕیاریانداوە تا جەژنی قوربان لە ناوچەکە بمێننەوە.
یەک لە گەشتیارانی تاڤگەی زەڵم دەڵێت: ئەگەر نەخۆش بیت و بێیتە ئێرە، چاک دەبیتەوە کەشەکەی هێندە پاک و خاوێنە، گەشتیارێکی دیکەش کە لە چەمچەماڵەوە هاتبووە زەڵم گوتی: تاڤگەی زەڵم هێندە خۆشە، لە چەمچەماڵ کەم شوێنی وا خۆشی لێیە، دەشڵێت: ساڵانە دێمە تاڤگەی زەڵم.
بەپێی ئاماری گەشتوگوزاری پارێزگای هەڵەبجە، ئەمساڵ زیاتر لە 300 هەزار گەشتیار هاتوونەتە شوێنە گەشتیارییەکانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە و دابەشبوون بەسەر 36 شوێنی گەشتیاریی ناوچەکە.
لە ئاکرێش، گەشتیارێکی زۆر ڕوویان لە گەلی سیپە کردووە، پشتیوان نامیق لە گەشتوگوزاری ئاکرێ گوتی:" پێشبینی دەکەین گەشتیارێکی زۆری ناوچەکانی خواروو و ناوەڕاستی عێراق، لەگەڵ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، ڕۆژانی جەژنی قوربانی پیرۆز سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی ئاکرێ بکەن، بۆ پێشوازیی لەو گەشتیارانەش، بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری ئاکرێ هەموو ئامادەکارییەکی کردووە.
دەشڵێت:" گرنگترین شت لای ئێمە پاکو خاوێنی ناوچە گەشتیارییەکانە، بۆیە ڕۆژانە زیاتر لە پێنج جار ناوچە گەشتیارییەکان پاک دەکەینەوە، ئاشکراشی کرد ، گرفتی ئەوان سەرپیچێییەکانی هاتوچۆیە، ئۆتۆمبێلێکی زۆر لەسەر شەقامە سەرەکییەکان دەوەستن و ڕێگەکان دەگرن.
بەپێی زانیارییەکان، حەوت شوێنی گەشتیاریی لە ئاکرێ هەن و گەشتیاران ڕووی تێدەکەن،لەوانەش( سیپەی ئاکرێ، سیپەی بجێل، گەلی زەنتە، پێرس، گردبیش، گویسکی).