مووشه‌كی بالیستی "قاسم سولەیمانی" و "ئه‌بومەهدی موهەندیس" لە ئێران نمایش دەكرێن
روحانی ئامادەی رێوڕەسمەكە دەبێت

K24 - هه‌ولێر:
ئاژانسی هەواڵی "تەسنیم"ی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران بڵاویكرده‌وه، سوپای پاسداران دوو مووشەکی نوێی بالیستی بە ناوەکانی "قاسم سولەیمانی" و "ئه‌بومەهدی موهەندیس"ی نمایش ده‌كات.
بە گوێرەی هەواڵەکەی تەسنیم، ئەم دوو مووشەکە لەگەڵ بزوێنه‌ری فڕۆکەی جەنگیی و هەندێک بەرهەمی دیکەی چەک و تەقەمەنی کە سوپای پاسداران بەرهەمی هێناون، بڕیاره سبه‌ی هه‌ینی بە بۆنەی رۆژی 21ی ئاب، كه رۆژی پیشەسازیی بەرگریی ئێرانه، نمایش بكرێن و له رێوڕه‌سمه‌كه‌ش، حه‌سه‌ن رۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران ئاماده ده‌بێت.
ئه‌مه لە کاتێکدا دۆناڵد تره‌مپ، سەرۆکی ئەمه‌ریکا وێڕای شکستهێنانی لە کۆکردنەوەی دەنگی وڵاتانی ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی، بۆ درێژکردنەوەی ماوه‌ی قه‌ده‌غه‌كردنی فرۆشتنی چەک و تەقەمەنی بە ئێران، به‌ڵام پێداگره له‌سه‌ر سه‌پاندنی سزای زیاتری ئابووری به‌سه‌ر تاران.
بەگوێرەی بڕیارێكی ئەنجومەنی ئاسایش لەسەر بنەمای رێککەوتنی وڵاتی (پێنج کۆ یەک) و ئێران، سەرەتای پاییزی ئەمساڵ گەمارۆی قه‌ده‌غه‌كردنی فرۆشتنی چەک لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشەوە کۆتایی دێت.
بەشێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی کە مافی ڤیتۆ کردنیشیان هەیە، دەڵێن ئەمه‌ریکا دوای ئەوەی لە رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران کشاوەتەوە، بەپێی رێکكەوتنەکە مافی درێژکردنەوەی ئەم گەمارۆیانەی نییە.