شەش نووسەر خەڵاتی قەڵەمی هەژاریان بردەوە

فێستیڤاڵی خەڵاتی قەڵەمی هەژار دوای دوو ڕۆژ لە بەڕێوەچوونی چالاکییەکانی، بە خەڵاتکردنی نووسەرانی هەڵبژاردە، کۆتایی بە کارەکانی هێنا. 

لە ڕێوڕەسمی کۆتایی فێستیڤالەکەدا، شەش نووسەری کورد خەڵات کران و 32 نووسەری دیکەش بە شیاوی خەڵات ناسێنران، ئەنجوومەنی پلاندانانی خەڵاتی قەڵەمی هەژاریش، جەختی لەسەر پێویستیی پەروەردە بە زمانی کوردی لە قوتابخانەکانی ئێران بکەنەوە.

ئارەش لهۆنی، پارێزگاری سنە لە لێدوانێکی تایبەتدا بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لەمەودوا ساڵانە ئەم فێستیڤالە لە سنە بەڕێوە دەچێت.

لهۆنی گوتیشی: زمان و ئەدەبی کوردی سەرمایەکەی گرنگی کولتوور و ئەدەبیاتی ئێرانە، ئەرکی هەموومانە کار بۆ زیاتر بایەخدانی بەم سەرمایە گرنگە بکەین، بۆیە ئەم فێستیڤاڵە دەبێتە چالاکییەکی ساڵانە و بەردەوام دەبێت.

بۆ مسۆگەرکردنی خەڵاتی قەڵەمی هەژار، ئەمساڵ 950 بەرهەمی نووسەرانی چوار پارچەی کوردستان و نووسەرانی تاراوگە پێشکەشکرا بوون، بەڵام 38 بەرهەم بۆ بەشی پێشبڕکێی هەڵبژێردران و لە کۆتایییدا شەش نووسەری کورد لە باکوور و باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە خەڵات کران، 32 نووسەریش وەک شایانی خەڵات ناسێنران. 

شەش براوەکەی خەڵاتی قەڵەمی هەژار:

- بواری ئەدەبی ڕۆمانی (کەوتنی ئاسمانەکان) بەرهەمی نووسەر جەبار جەمال غەریبە.

- بواری مێژوویی (دەرکەوتنی کورد) بەرهەمی نووسەر ئیسماعیل شەمسە.

- بواری فەلسەفە (مجموعه آثار)  بەرهەمی نووسەر محەممەد کەمالە.

- بواری ڕەخنەی ئەدەبی (ته‌شه‌یێن نه‌زمێ) بەرهەمی نووسەر عەبدولڕەحمان ئاداکە.

- بواری زمان (فەرهەنگی زارەکی موکریان) بەرهەمی نووسەر سەڵاحەددین پایانیانییە.

- بواری کۆمەڵناسی (فەرهەنگی نەتەوە و جوگرفیای شار و ئاواییەکانی خۆراسانی باکوور) بەرهەمی نووسەر عەلی ڕەحمەتییە.

لەم فێستیڤاڵەدا بەرهەمی ئەدیبان، توێژەرانی زمانناسی، ئەدەبی و بوارە هاوبەشەکانی زانستە مرۆییەکان بەشدار بوون، کە نووسەرانی هەموو زاراوەکانی زمانی کوردی لە سەرانسەری جیهانەوە بەرهەمەکانی خۆیان بۆ فێستیڤاڵی خەڵاتی قەڵەمی هەژار ناردبوو.