ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی: ساڵانە نزیکەی 8 ملیۆن کەس بەهۆی کێشانی تووتنەوە دەمرن
ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی داوای لە وڵاتان کرد، بەپەلە ڕێ لە جگەرەی ئەلیکترۆنی(ڤەیپ) و نیکۆتین بکەن لەبەر ئەوەی زۆر بە فراوانی لەنێو گەنجان بڵاو بووەتەوە.
ڕێكخراوەکە زۆر تایبەت هەر سێ تامەکانی جگەرەی ئەلیکترۆنی لە نەعناع و بنێشت و شیرینی دیاریی کردووە کە جێی مەترسین.
ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، ئەمڕۆ شەممە 31ـی ئایاری 2025، بەبۆنەی ڕۆژی ڕووبەڕووبوونەوەی تووتن بەیاننامەیەکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو تامانەی بۆ جگەرەی ئەلیکترۆنی دروستکراون، ژەهراوین و گەنجان دووچاری مەترسیی دەکەنەوە.
ڕێکخراوەکە ئاشکرای کردووە، ئەو بەرهەمانەی جگەرەی ئەلیکترۆنی، نەخۆشیی توند لە سییەکاندا دروست دەکەن، دەشڵێت: تامەکان و پاکەتە جوانەکانی جگەرەی ئەلیکترۆنی، لەگەڵ ڕیکلامی سۆشیالمیدیا، بە تایبەتی ئامانجیان لێی گەنجانن.
ساڵی 2022، سەدا 5.12 ـی منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی لە هەرێمەکانی ئەوروپا کە 53 وڵات لەخۆ دەگرێت، جگەرەی ئەلیکترۆنیان بەکار هێناوە، ئەوەش بەپێی ئاماری ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیی.
ڕێکخراوەکە هۆشداریی داوە لەو تامانەی سەرنجی منداڵان و هەرزەکاران ڕادەکێشن بۆ ئەوەی تاقیی بکەنەوە، ئەمەش وایان لێ دەکات ئاژوودە بن.
دکتۆر تیدرۆس ئەدهانوم گیبریسوس، بەڕێوەبەری گشتی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیی دەڵێت: تامەکانی جگەرەی ئەلیکترۆنی نەوەیەک لە ئالوودەبووان دروست دەکات، پێویستە ڕێگریی لێ بکرێت.
دکتۆر تیدرۆس ئاماژەی بەوەش کردووە " ساڵانە نزیکەی 8 ملیۆن کەس بەهۆی کێشانی توتنەوە دەمرن، سەرباری ئەو مەترسییەش هێشتا خەڵکی ئالوودە دەکرێن بە تامی سەرنجڕاکێش."