عەزیز ئەحمەد: حکوومەتی هەرێم پشتگیری دەستپێشخەری پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق دەکات
عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی ئێكس پەیامێکی بڵاو کردەوە و تێیدا هیوای خواستووە ڕوون بێتەوە، بۆچی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەشداریکردنی بانکی ڕافیدەین نەبووە لە پڕۆژەی هەژماری مندا.
عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەدا ئاماژە بەوە دەکات، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان مانگی ڕابردوو بە گەنجینەی ئەمەریکای ڕاگەیاند، حکوومەتی هەرێمی کوردستان پشتگیری دەستپێشخەری پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق عەلی عەلاق بۆ چاکسازی لە سێکتەری بانکی دەکات.
جێگری بەڕێوبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەدا دەڵێت: ئێمە پشتگیری چاودێری تەواوی بانکی ناوەندی عێراق دەکەین بەسەر هەموو بانکەکانەوە، لەنێویشیاندا بانکە حکومییەکان، دەڵێت: یاساکان پێویستە بانکەکانی ڕەشید، ڕافیدەین و تی بی ئای بگرێتەوە وەک چۆن بانکی ناحکومییەکانی دیکەی وڵات دەگرێتەوە، ئەمەش بە ووردبینی ساڵانە و دەرەکی دەستپێدەکات.
عەزیز ئەحمەد ئاماژەی بەوەش کردووە، هەبوونی ڕێکخەرێکی بانکیی سەربەخۆ و بێلایەن لە بەرژەوەندی تەواوی عێراقدایە بە هەرێمی کوردستانیشەوە، دەبێت بانکی ناوەندی عێراقی دەسەڵاتی پێویستی پێبدرێت بۆ گەڕاندنەوەی متمانە و باوەڕپێکراوی بۆ سێکتەری پێڕانەگەیشتووی بانکی، سێکتەرێک کەوا زیاتر لە 30 بانک تیایدا سزادراون یان ئابڵووقەیان خراوەتە سەر لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا.
دەشڵێت:حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لەسەر پەیڕەوکردنی مافی دەستووری خۆی بۆ پاراستنی بەکارهێنەرانی هەرێمی کوردستان لە سپیکردنەوە و بەقاچاخ بردنی پارە، ئەمەش دووبارە لە بەرژەوەندی تەواوی عێراقدایە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 1ـی حوزەیرانی 2025، ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆڕنەڵ لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە، کۆمپانیای کی کارد کە هاوبەشی بانکی ڕافیدەینە بۆ دەرکردنی کارتی بانکی، مانگانە مووچەی 7 ملیۆن مووچەخۆر دەدات، نزیکەی 500 ملیۆن دۆلاری بە قاچاخ بردووە بۆ ئیمارات، ئوردن و تورکیا و وڵاتانی دیکە.