حەماس: ئامادەین دەست بە گەڕێکی نوێی دانوستان لەگەڵ ئیسرائیل بکەین

بزووتنەوەی حەماس ڕایگەیاند: بە مەرجی ئاگربەستێکی هەمیشەی و کشانەوەی سوپای ئیسرائیل و دەستپێکردنەوەی هاوکارییە مرۆییەکان، ئامادەین لەگەڵ ئیسرائیل دانوستان بکەین.

یەکشەممە 1ـی حوزەیرانی 2025، بزوتنەوەی حەماس، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، بۆ مەبەستی ڕاگرتنی شەڕ، ئامادەنە دەست بە گەڕێکی نوێی گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل بکەن.

ئاماژەشی داوە، مەبەست لە دانوستانەکان بۆ پاراستن و سەقامگیری هاووڵاتییانی فەڵەستین و دەستپێکردنەوەی هاوکارییە مرۆییەکانە.

هەروەها باسی لەوەش کردووە، دەبێت ئاگربەستەکە هەمیشەیی بێت و سوپای ئیسرائیلیش بە تەواوی لە غەززە بکشێتەوە.

هەر ئەمڕۆ یەکشەممە، قەتەر و میسر ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشییان بڵاو کردبووە و تێیدا ئاماژەیان دابوو، بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەمەریکا جەخت لە گرنگی برەودان بە هەوڵەکان بۆ چارەکردنی ئاستەنگەکانی بەردەم دانوستانەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل دەکەینەوە.