ئەو شۆفێرەی درێفتی بە ئۆتۆمبێلەکەی دەکرد، دەستگیرکرا و ئۆتۆمبێلەکەشی دەستی بەسەرداگیرا

پۆلیسی هاتوچۆی هەولێر ئەو شۆفێرەی دەستگیرکرد، کە نەخۆش و هاووڵاتییانی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ڕۆژئاوای هەولێری بێزارکرد.
هێمن حەمەدەمین، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هاتوچۆی هەولێر، ئەمڕۆ دووشەممە 2ـی حوزەیرانی 2025، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: دوای بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆیەک لە سۆشیاڵ میدیایی کوردستان24، کە شۆفێرێک لە بەردەم نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ڕۆژئاوای هەولێر لەسەر شەقامی 100مەتری هاووڵاتییان و نەخۆشەکانی بێزار دەکات.
گوتەبیژی هاتوچۆی هەولێر گوتی: دوای بەدواداچوونەکانمان، شۆفێرەکە لەلایەن پۆلیسی هەولێر دەستگیرکراو و ئۆتۆمبێلەکەشی دەستی بەسەرداگیرا.
هێمن حەمەدەمین گوتیشی: هەر کەسێک کارێکی لەمشێوەیە بکات و ببێتە هۆی بێزارکردنی هاووڵاتییان دەستگیردەکرێت و داوا لە هاوولاتییانیش دەکەین دوورکەونەوە لەکاری لەمشێوەیە.
ڤیدیۆکە بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە تۆمارکراوە و تایبەت بۆ کوردستان24 نێردراوە.