ئیسرائیل هێرشی کردە سەر هاووڵاتییانی مەدەنی و زیاتر لە 200 کەس کوژران و بریندار بوون

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆی سەبارەت بە هێرشەکانی ئیسرائیل، لە نزیک ناوەندەکانی دابەشکردنی یارمەتییەکان لە غەززە، کرد.
گۆتێرێز، داوای لێکۆڵینەوەی لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر دانیشتوانی غەززە لە کاتی هەوڵدانیان بۆ بەدەستهێنانی یارمەتییەکان کرد، کە تێیدا 23 هاووڵاتی مەدەنی غەززەیی کوژران و 200 کەسی دیکەش بریندار بوون.
گۆتێرێز، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی "جێگای قبووڵکردن نییە، فەلەستینییەکان ناچار بن ژیانی خۆیان بخەنە مەترسییەوە بۆ ئەوەی دەستیان بە خۆراک بگات" ئاماژەی بەوەش کردووە، ئیسرائیل بەپێی یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان دەبێت پابەند بێت بە ئاسانکاری بۆ گەیاندنی هاوکارییەکان.
سەرچاوە پزیشکییەکانی غەززە ڕایانگەیاند "بەهۆی بۆمباران و تەقەکردن لە خەڵکی مەدەنی کە بەرەو ناوەندیی فریاگوزاری ئەمەریکا، لە ڕۆژئاوای ڕەفەح دەچوون، 23 کەس کوژراون و زیاتر لە 200 بریندار بوون."
دەیان فەلەستینی لە کاتی هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی یارمەتی خۆراک لە خاڵی دابەشکردن لە ڕۆژئاوای ڕەفەح، کە بە هاوکاریی کۆمپانیایەکی ئەمەریکایی دامەزرا، لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە کوژران.
لەم دواییانەدا ئیسرائیل ڕێگەی بە کۆمپانیایەکی ئەمەریکایی دا، هاوکارییەکان لەناو کەرتی غەززەدا دابەش بکات، بەدەر لە دەزگاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، چونکە گەیاندنی یارمەتی سنووردار دوای گەمارۆیەکی سێ مانگی، دەستی پێ کردەوە.