چوارچێوەی هەماهەنگی: دەرکردنی یاسای نەوت و غاز چارەی ڕیشەیی کێشەکانی نێوان بەغدا و هەولێرە

چوارچێوەی هەماهەنگی: دەستوور و بڕیاری دادگا دەبێت بنەمای چارەکردنی کێشەکان بێت

وێنە، ئەرشیف
وێنە، ئەرشیف

هێزەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەکان لە کۆبوونەوەیاندا کە سەرۆک وەزیرانی عێراقیش ئامادەی بوو، بۆ چارەکردنی پرسە ‌هەڵواسراوەکانی نێوان بەغدا و هەولێر، جەختیان لە گرنگی دەرکردنی یاسای نەوت و غاز کردەوە.

ئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراق ڕاگەیەنراوی کۆتایی کۆبوونەوەکەی شەوی ڕابردووی چوارچێوەی هەماهەنگی بڵاو کردووەتەوە، کە لە ماڵی عەمار حەکیم و بە ئامادەبوونی، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بەڕێوە چووە، باس لە پێشهاتە سیاسییەکان و گرفتەکانی خزمەتگوزاریی و هەڵبژاردنەکان کراوە.

سەبارەت بە پرسی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، چوارچێوەی هەمامەنگیی جەختی کردووەتەوە، پێویستە بۆ هەر پرسێکی نیشتمانی لەسەر بنەمای دەستوور و بەگوێرەی بڕیارەکانی دادگا هەڵسوکەوت بکرێت.

هەروەها ڕایانگەیاندووە، حکوومەتی فیدراڵ سوورە لەسەر پارێزگاری لە مافەکانی سەرجەم هاووڵاتییان و هەوڵی نەهێشتنی هەموو بەربەستەکان دەدات.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا، جەختیان لە دەرکردنی یاسای نەوت و غاز کردووتەوە و بە چارەسەری ڕیشەیی پرسە ئاڵۆز و هەڵپەسێردراوەکانی نێوان بەغدا و هەولێریان ناوبردووە.

هەروەها چوارچێوەی هەماهەنگی جەخت دەکاتەوە لەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەبێت لە کات و وادەی دیاری کراوی بەڕێوە بچێت.