لە سووریاوە هێرش کرایە سەر ئیسرائیل
وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 3ـی حوزەیرانی 2025 ڕایگەیاند، لە پارێزگای دەرعای باشووری سووریاوە بە دوو مووشەک هێرشکراوەتە سەر جۆلان، بەڵام هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی و ماددیشی نەبووە. لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، ئەمە یەکەم هێرشە لە خاکی سووریاوە بکرێتە سەر ئیسرائیل.
بەرگریی ئیسرائیل لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەیداوە، بۆ هۆشیارکردنەوەی دانیشتووانی شارۆچکەکانی حیسبین و ڕمات مغشمیم لە جۆلان، کاتژمێر 10ـی شەوی ڕابردوو زەنگی ئاگادار کردنەوە لێدراوە، بەڵام مووشەکەکان بەر لە گەیشتنیان بە ئاوەدانی، لە ناوچەیەکی دەشتایی کەوتوونەتە خوارەوە.
هەر لەمبارەوە یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل گوتی: ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا بەرپرسی یەکەم و ڕاستەوخۆیە لەهەر هەڕەشە و هێرشێک لە وڵاتەکەی بکرێتە سەر ئیسرائیل.
هاوکات گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، ئەوە هێرشە یەکەم هێرشە لە خاکی سووریاوە بکرێتە سەر ئیسرائیل لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد.
لە بەرانبەر هێرشەکەدا، ڕادیۆی سوپای ئیسرائیل بڵاوی کردووەتەوە، چەند خولەکێک دوای ئەو دوو مووشەکەی لە سووریاوە ئاراستەی جۆلان کرابوون، سوپای ئیسرائیل هێرشی کردووتە سەر چەند پێگەیەک لەنێو خاکی سووریادا؛ هەروەها ئاژانسی فەرمی هەواڵی سووریا (سانا) بڵاوی کردووتەوە، هێرشەکەی ئیسرائیل لەلایەن تۆپخانەکانەوە کراوە و ناوچەی یەرموکیان لە سنووری پارێزگای دەرعا تۆپباران کردووە، بەبێ ئەوەی هیچ وەردەکارییەک لەبارەی زیانە گیانی و ماددییەکان ئاشکرا بکات.