پۆرتوگال دەیەوێت كۆتایی بە ریكۆردە ڕەشەكەی بێنێت
ئەمڕۆ پۆرتوگال و ئەڵمانیا لە پێناو گەیشتن بە یاریی كۆتایی نەیشن لیگ رووبەڕووی یەكتر دەبنەوە
تەنیا چەند رۆژێک دوای بەڕێوەچوونی یاری کۆتایی چامپیۆنزلیگ لە یاریگای ئالیانز ئارێنای شاری میونشن، ئەمجارەیان لە قۆناغی پێشکۆتایی نەیشن لیگ، هەردوو هەڵبژاردەی ئەڵمانیا و پۆرتوگاڵ رووبەڕووی یەکتری دەبنەوە. پۆرتوگاڵ ئامارێکی باشی بەرامبەر ئەڵمانیا نيیە، دوایین بردنەوەیان لە پاڵەوانێتیە گەورەکان بەرامبەر مانشافت، لە یۆرۆی 2000 بوو، بەمەش بەرازیلەكەی ئەورووپا 25 ساڵە نەیتوانیوە لە ئەڵمانیا بباتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 4 حوزەیرانی 2025، لە قۆناغی پێشكۆتایی نەیشن لیگ، هەڵبژاردەی مانشافت میوانداریی پۆرتوگال دەكات و یارییەكەش لە كاتژمێر 10:00ـی ئەمشەو دەكرێت.
ئەڵمانییەكان ئامارێکی باشیان لە یاریگای خۆیان بەرامبەر رکابەرەکانیان هەیە، بەوپێیەی لە کۆی 11 یاری رابردوو لە خاکی خۆی، تەنها یەک یاری دۆڕاندووە، ئەویش بەرامبەر ئیسپانیا لە یۆرۆی 2024.
هەڵبژاردەی ئەڵمانیا یەکەمجاریەتی سەردەکەوێت بۆ قۆناغی پێشکۆتایی نەیشن لیگ، ئەو هەڵبژاردەیە ئامانجیەتی بۆ جاری یەکەم سەرکەوێت بۆ یاری کۆتایی، لە بەرامبەردا پۆرتوگاڵ لەگەڵ کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەیەوێت بۆ دووەمجار سەرکەوێت بۆ یاری کۆتایی.
نێڤێز: یارییەكی قورس چاوەڕێمان دەكات
رۆبن نێڤێز ناوەڕاستکاری هەڵبژاردەی پۆرتوگاڵ، لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی پێش یارییەکەی بەرامبەر ئەڵمانیا گوتی، ئەوان بەرامبەر یەکێک لە باشترین هەڵبژاردەکانی نەیشن لیگ یاری دەکەن، بۆیە دەبێت ئامادەکاری باش بۆ یارییەکە بکەن.
نێڤێز دەشڵێت: ئەڵمانیا هەمیشە لە بەرزترین ئاست دەردەكەوێت و كێشە بۆ هەڵبژاردەیەك دروست دەكات، ئەوانیش هاوشێوەی ئێمە ئامانجیانە لەنێو خاکی خۆیان کێشەمان بۆ دروست بکەن و سەرکەون بۆ یاری کۆتایی. یارییەکی قورس دەبێت و هیوادارم ئەنجامی یارییەکە، بە پێچەوانەوەی 25 ساڵی رابردوو بێت''.
ئامارەكان بۆ پۆرتوگال مەترسیدارە
دوایین بردنەوەی هەڵبژاردەی پۆرتوگاڵ بەرامبەر ئەڵمانیا لە پاڵەوانێتیەکی گەورە، لە قۆناغی کۆمەڵەکانی یۆرۆی 2000 بوو، لەو کاتەوە ئەڵمانیا لە مۆندیالی 2006 و یۆرۆی 2008 و 2012 و مۆندیالی 2014 و یۆرۆی 2024 بەرامبەر پۆرتوگاڵ براوە بووە.
هەردوو هەڵبژاردەی ئەڵمانیا و پۆرتوگاڵ لە کۆمەڵەکانیان پلەی یەکەمیان بەدەستهێنا و سەرکەوتن بۆ قۆناغی چارەکی کۆتایی، مانشافت 14 خاڵی بەدەستهێنا و لە بەرامبەردا پۆرتوگاڵ، ئەوانیش بە کۆکردنەوەی 14 خاڵ گەیشتنە قۆناغی چارەکی کۆتایی.