بۆچی بەرگی کەعبە بەرزدەکرێتەوە، تێچووی گۆڕینی چەندە؟
بەبەردەوام کاری نۆژەنکردنەوە و چاککردنەوە بۆ 'کەعبەی پیرۆز' دەکرێت، هەروەها بەرگی کەعبە هەموو ساڵێک دەگۆڕدرێت و بەرگی نوێی بۆ دروست دەکرێت.
لە سەردەمی کۆندا، گۆڕینی بەرگی کەعبەی پیرۆز ڕێگایەک بوو بۆ ڕاگەیاندنی نزیکبوونەوەی وەرزی حەج و نیشانەیەک بوو بۆ دەستپێکردنی ڕێوڕەسمەکە و پێشوازیکردن لە زیارەتکارانی ماڵی خوا.
وەک داب و نەریتێکی ساڵانە، پێش هاتنی وەرزی حەج ڕێک لە ناوەڕاستی مانگی زولقەعدە، بەسەرپەرشتیی دەستەی گشتی بۆ چاودێری کاروباری مزگەوتی حەرام و نەبەوی، بە بەرزی سێ مەتر بەرگی کەعبەی پیرۆز بەرز دەکرێتەوە.
ئەم بەرزکردنەوەیە بۆ پاراستنی بەرگی کەعبەیە لە زیان پێگەیاندن یان دڕان، ئەمەش بەهۆی قەرەباڵغییەکی زۆرە لە شوێنەکە، هەروەها بۆ ئەوەشە کە هەندێک لە حاجیان یان عومرەکاران نەتوانن پارچەیەک لەو بەرگە ببڕن بۆ تەبەروک کردن.
بەرگی کەعبە لە ڕۆژی عەرەفە دەگۆڕدرێت، نرخی ئەو بەرگە زیاتر لە 25 ملیۆن ڕیاڵی سعوودیە. لەئاوریشم دروستکراوە، ئایەتەکانی قورئانی پیرۆزی تێیدا نەخشێنراوە، هەروەها داوەکانی بە زێڕ زیو ڕووپۆش کراوە، دروستکردنەکەشی ماوەی 10 مانگی پێدەچێت.
وردەکارییەکانی تێچووی نزیکەیی بەرگی کەعبەی پیرۆز.
-670 کیلۆ ئاوریشمی سروشتی تێیدا بەکار دەهێنرێت.
-120 کیلۆ زێڕی پوختی عەیار 24 تیدا بەکار دەهێنرێت.
-نزیکەی 100 کیلۆ زیویش بەکاردەهێنرێت.
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی سعوودیە، گرووپێک لە کارمەندانی تەکنیکی نیشتمانی تایبەتمەند بەشداری ئەم پرۆسەیە دەکەن، بە بەرزترین ستاندارد و ئامێری پێشکەوتوو کاردەکەن.
هەروەها بەرگە کۆنەکە ساڵانە بە کەسایەتییە جیهانییەکان دەدرێت.