ئەمەریکا بۆ ئۆکرانیا: کە هێرش دەکەیت دەبێت چاوەڕێی وەڵامەکەشی بیت
نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ ئۆکرانیا هۆشداری دەداتە کیێڤ و دەڵێت، کاتێک لایەنێک هێرش دەکاتە سەر دووژمنەکەی، دەبێت چاوەڕێی وەڵامەکەشی بێت.
چوارشەممە 4ـی حوزەیرانی 2025، کیس کێلۆگ، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ کاروباری ئۆکرانیا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند، هێرشەکانی ئەم دوایەی ئۆکرانیا بۆ سەر ڕووسیا دەبێتە هۆی ئاڵۆزترکردنی دۆخەکە.
کیس کێلۆگ گوتیشی: کاتێک لایەنێک هێرش دەکاتە سەر سیستەم و جبەخانەی سەربازی دووژمنەکەی، بەو مانەی دێت کە مەترسیت لەسەر خۆت زیاد کردووە و دەبێت چاوەڕەی وەڵامەکەشی بکەیت.
نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ ئاماژەشی دا، زیانە ماددییەکانی هێرشەکەی ئەم دوایانەی ئۆکرانیا لە سەر ڕووسیا گرنگ نییە، بەڵکو هێرشەکە لە ڕووی کاریگەری دەروونییەوە گرنگە کە چەندە کاردانەوەی لەسەر گۆڕینی بڕیارەکانیان دەکات.
کێلۆگ باسی لەوەش کرد، لەگەڵ ئەوەی داواکارییەکانی مۆسکۆ زۆرن، بەڵام ئۆکرانیا ئۆفەرێکی زۆر گونجاوی پێشکەش کردووە، گوتیشی: ئێستا ئامانجی سەرەکی دۆزینەوەی ڕێگەیەکی گونجاوە بۆ چارەی ناکۆکییەکانیان.
پێشر کارۆڵاین لێڤێت، سکرتێری ڕۆژنامەوانی کۆشکی سپی ڕایگەیاندبوو، دۆناڵد ترەمپ، لە هێرشە چڕەکەی ئۆکرانیا بۆ سەر ڕووسیا ئاگادار نییە.
ڕۆژی دووشەممە 2ـی حوزەیرانی 2025، دەزگای ئاسایشی ئۆکرانیا ڕایگەیاندبوو، شەوی ڕابردوو بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە قووڵایی خاکی ڕووسیادا زیاتر لە 40 فڕۆکەی هێزەکانی ڕووسیایان تێک شکاندووە.
بە گوێرەی ڕاگەیەنراوی دەزگای ئاسایشی ئۆکرانیا، هێرشەکە لە ژێرناوی (تۆڕی جاڵجاڵۆکە) جێبەجێ کراوە و پلانەکەشی زۆر بە وردی و زیاتر لە یەک ساڵ و نیوی خایاندووە، کە ڕاستەوخۆ لە لایەن ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیاوە سەرپەرشتی کراوە و لە هێرشەکەدا 117 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەشدارییان کردووە.