دوای 102 ساڵ كەسێكی نامۆ لە راهێنانەكانی بەرازیل بینرا

بەرازیلییەكان داوای بردنەوەی نازناوی شەشەمی مۆندیال لە ئانچیلۆتی دەكەن

ئانچیلۆتی راهێنەری بەرازیل هاوشانی كاسمێرۆ و رافینیا
ئانچیلۆتی راهێنەری بەرازیل هاوشانی كاسمێرۆ و رافینیا

بۆ یەکەمجار لە مێژووی 102 ساڵەی دروستبوونی هەڵبژاردەی بەڕازیل، کەسێکی بیانی راهێنەرایەتی ئەو هەڵبژاردەیە دەکات، ئەویش کارلۆ ئانچێلۆتی راهێنەری ئیتاڵیە کە توانی ئەم مێژووە تۆمار بکات، یەكەمین یاریی ئانچیلۆتی لەگەڵ سامبایەكان رۆژی هەینی داهاتوو بەرامبەر ئیكوادۆر دەبێت.
کارلۆ ئانچێلۆتی دوای وازهێنان لە راهێنەرایەتی یانەی ریاڵ مەدرید، بۆ یەکەمجار لە کاروانی وەرزشی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەیەک دەکات، ئەویش هەڵبژاردەی بەڕازیلی خاوەنی زۆرترین ناسناوی مۆندیالە و هاندەرانی هەڵبژاردەکەش بەو هیوایەن، شەشەم ناسناویان بۆ بباتەوە.
کارلیتۆ دوای وەرگرتنی پۆستی راهێنەرایەتی سامبا، لیستی ناوی یاریزانە بانگهێشتکراوەکانی بۆ دوو یاری داهاتوو لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026 بڵاوکردەوە، سەرجەم ئەو یاریزانانەش پەیوەندیان بە کامپی هەڵبژاردەی وڵاتەکەیانەوە کرد و یەکەم یەکەی ئامادەکاریان دەست پێکرد.
هەڵبژاردەی بەڕازیل لە یەکەم یاری بە سەرپەرشتی کارلۆ ئانچێلۆتی، لە گەڕی 15ـی پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026، رووبەرووی هەڵبژاردەی ئیکوادۆر دەبێتەوە، چاوەڕێ ناکرێت ئەرکیان ئاسان بێت، بەو هۆیەی ئیکوادرۆ پلەی دووەمی ریزبەندی کۆمەڵەی ئەمریکای باشووری گرتووە.
هەڵبژاردەی بەڕازیل لە کۆی 14 یاری پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026، خاوەنی 21 خاڵن و لە پلەی سێیەم دێن، لە بەرامبەردا ئیکوادۆر 23 خاڵی هەیە و بە جیاوازی تەنها دوو خاڵ، لە پلەی دووەمی ریزبەندی دێت.
هەڵبژاردەی بەڕازیل لەم مانگە دوو یاری دەکات، یاری یەکەمیان لە دەرەوەی یاریگای خۆیان بەرامبەر ئیکوادۆر دەبێت، پاشان رۆژی 15ـی ئەم مانگە هەر لە پاڵاوتنەکانی رووبەڕووی پاراگوای دەبنەوە.