لەسەر پۆستێکی فەیسبووک، فەرمانبەرێکی حکوومەتی عێراق زیندانی دەکرێت
فەرمانبەرێکی حکوومەتی فیدراڵی، لەبەر ئەوەی پۆستێکی لەسەر پەرلەمانتارێکی عێراق، لە فەیسبووک بڵاوکردووەتەوە، چوار مانگ زیندانی دەکرێت.
میدیاکانی عێراق بڵاویان کردووەتەوە، فەرمانبەرێکی حکوومەتی فیدراڵ بە ناوی 'محەممەد عاشوور' بەهۆی ئەوەی لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک، ڕەخنەی لە پەرلەمانتار 'سوهەیلە ساعدی' گرتووە، چوار مانگ زیندانی دەکرێت.
میدیاکان نووسراوی بڕیارەکەی دادگایان بڵاو کردووەتەوە کە ئەمڕۆ چوارشەممە، 04-06-2025، دەرچووە، تێیدا هاتووە "بە پشتبەستن بە بڕگەکانی ماددەی 1/433 لە یاسای سزادان، دادگا بڕیاری دا بە زیندانیکردنی تۆمەتبار 'محەممەد عاشوور' بۆ ماوەی چوار مانگ."
ئەو فەرمانبەرە پۆستەکەی لە گرووپێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاو کردبووەوە، بە شێوەیەکی ناڕاستەخۆ ڕەخنەی لەو پەرلەمانتارە گرتووە و بە "عليها السلام" ناوی بردووە. لە پۆستەکەیدا هاتووە "بانگەوازێک بۆ خاتوونی پەرلەمانتار عليها السلام، گرووپەکانی فەیسبووک ڕێگە نادەن پۆستەکانم بڵاو بکەمەوە. تکا لە بەڕێزتان دەکەم، دەستوەردان بکەن و بەپەلە ئەم کێشەیە چارە بکەن."
دوای پۆستەکە، ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق کە لە فراکسیۆنی "فوراتەین"ـە لە دادگای (جنح الزهور) سکاڵای لەسەر فەرمانبەرەکە تۆمار کرد؛ دادگاکەش ئەمڕۆ چوارشەممە، سزای چوار مانگ زیندانی بۆ محەممەد عاشوور. دەرکرد.
ئەم بابەتە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کاردانەوەی زۆری نەرێیی لێ کەوتووەوە. بەکارهێنەر و چالاکوانە عێراقییەکان ڕەخنەی توند لەو پەرلەمانتارە و دادگاکانی عێراق دەگرن و دەڵێن: بڕیاری دادگا، سەرکوتکردنی ئازادی ڕادەربڕینە.
بەشێکی دیکەی بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە "لەم وڵاتە ناتوانین تەنانەت بچووکترین ڕەخنەش لە ئەدای حکوومەت، یان پەرلەمانتارێک بگرین، ئەگەر نا، زیندانی یان تیرۆر دەکرێین."