ئەو سێ کەسەی بە ئۆتۆمبێل لە کەسێکیان دا و بەگوللـە کوشتیان، دەستگیرکران

هەرسێکیان دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە

K24 - هەولێر

پۆلیسی هەولێر ئاشکرای کرد، ئەو سێ کەسەی لە گوندی سۆرخان بە ئۆتۆمبێل لە کەسێکیان دا و دواتر بە گوللـە کوشتیان، دەستگیرکراون.

پۆلیسی هەولێر لە راگەیەندراوێکدا ئەمڕۆ (یەکشەممە، 23-8-2020) ئاشکرای کرد "دوای ئاگاداركردنەوەی بەشی پۆلیسی عەنكاوە بە بوونی رووداوێكی كوشتن لە گوندی سۆرخان، تیمێكی لێكۆڵینەوە لە بنكەی پۆلیسی توڕەق پێكهێندرا، دوای گەیشتنیان بۆ شوێنی رووداوەكە، دەركەوت هاووڵاتییەك بە ناوی عەزیز لەلایەن سێ تۆمەتبارەوە بە ئۆتۆمبێل لێی دراوە و تەقەی لێکراوە لە ئاكامدا گیانی لەدەستداوە".

رووداوەکە شەوی 19ـی 8-2020 روویداوە. کوردستان24 لە رۆژی 20-8-2020 راپۆرتێکی لەبارەی ئەو کەیسە بڵاوکردەوە، کە لەڤیدیۆی کامێرای چاودێرییەوە عەزیز دەردەکەوێت، کاتێک بە ئۆتۆمبێل لێی دەدرێت.

پۆلیس لە راگەیەندراوەکەدا، ئەمڕۆ ئاشکرای کرد: توانیویانە بە دوو کاتژمێر تۆمەتبارەکان بەناوەکانی (س.م.ع.)، (س.س.م.) و (م.س.م.) دەستگیربكەن.

پۆلیس هەروەها دەڵێ "هەرسێ تۆمەتبارەكە دوای دەستگیركردنیان دانیاننا بە تاوانەكەیان، کە لەسەر كێشەی زەوی بووەتە دەمەقاڵەیان و لە ئاكامدا تەقە لەنێوانیاندا روویداوە و بەو هۆیەوە گوللـەیەك بە عەزیز کەوتووە".

لە رووداوەکەدا جگە لە کوژرانی عەزیز، یەکێک لە تۆمەتبارەکانیش (س.س.م) زامدار بووە. هەرسێ تۆمەتبارەكەش بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی، دەستگیرکراون.

عەزیز، خاوەنی 20 دۆنم زەوی بووە لە گوندی دهێماتی دەشتی شەمامک لە هەولێر، لەگەڵ بنەماڵەی "بکوژ" چەند ساڵێکە کێشەیان هەیە لەسەر زەویوزار.

خێزانی "بکوژ" خەڵکی گوندی رەشکینن و 20 دۆنم زەوییان لە بنەماڵەی عەزیز کڕیوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی بەردەوام بەنێو زەویی یەکدیدا هاتووچۆیان کردووە، هەمیشە لەگەڵ عەزیز کێشەیان هەبووە و، عەزیز پێشتر سکاڵای لەدژیان تۆمارکردووە.


وردەکاریی چیرۆکەکە لەم راپۆرتەدا بخوێنەوە:
لە گوندێکی هەولێر، پیاوێک بە ئۆتۆمبێل لێی دەدرێت و بە گوللـە دەکوژرێت