ترەمپ: لەگەڵ پوتن جەنگی ئۆکرانیا و پرسی ئەتۆمیی ئێرانمان تاوتوێ کرد

سەرۆکی ئەمەریکا، دەڵێت: گفتوگۆکەم لەگەڵ پوتن باش بوو، بەڵام مانای ئەوە نییە کە دەستبەجێ ئاشتی لێ بکەوێتەوە و ببێتە هۆی کۆتاییهێنان بە جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا.
چوارشەممە 4ـی حوزەیرانی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس، نوسیوویەتی: بۆ ماوەی کاتژمێرێک و 15 خولەک لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا بە تەلەفۆن قسەم کرد، باسمان لە جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا، هەروەها پرسی ئەتۆمیی ئێران کرد.
سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت: گفتوگۆکەم لەگەڵ پوتن باش بوو، بەڵام ئەمە بەو مانایە نایەت کە دەستبەجێ ئاشتی لێ بکەوێتەوە و ببێتە هۆی کۆتاییهێنان بە جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا
ترەمپ، باسی لە دوایین هێرشەکانی ئۆکرانیا بۆ سەر فڕۆکە سەربازییەکانی ڕووسیا کرد و ئاماژەی بەوە دا، پوتن نیگەرانیی خۆی لەو بارەیەوە دەربڕی و بە توندی نیازی خۆی بۆ وەڵامدانەوەی ئەو هێرشانە نیشان دا.
باسی لەوەش کرد، لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا پرسی ئەتۆمیی ئێرانمان تاوتوێ کردووە و جەختم لەوە کردەوە کە نابێت تاران چەکی ئەتۆمی هەبێت و لەو خاڵەدا پوتنیش لەگەڵم هاوڕا بوو.
سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، پوتن ئامادەیی خۆی بۆ بەشداریی لە دانوستانەکان ئێران و ئەمەریکا دەربڕیوە. دەشڵێت: ڕەنگە سەرۆکی ڕووسیا ڕۆڵی هەبێت لە خێراکردنی چارەکردنی کێشەکانی نێوان واشنتن و تاران.
سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆتایی قسەکانیدا، جەختی لەوە کردووەتەوە، کە پێویستە ئێران بە خێرایی وەڵامێکی یەکلاکەرەوە لەسەر پرسی ئەتۆمی بداتە ئەمەریکا.
هەرچەندە دۆناڵد ترەمپ، هەمیشە سەرسامی خۆی بۆ پوتن دەربڕیوە، بەڵام لە چەند هەفتەی ڕابردوودا نیگەرانی خۆی نیشان دا لە هەڵوێستی مۆسکۆ لە کاتی چەقبەستوویی دانوستانەکانی ئاگربەست لەگەڵ کیێڤ.