ئەمەریکا دەستگیرکردنی دوو سەرکردەی داعشی ڕاگەیاند

سێنتکۆم
سێنتکۆم

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕایگەیاند:" لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش، دوو سەرکردەی ئەو ڕێکخراوەی لە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیدا لە کۆتایی مانگی ئایار لە عێراق و سووریا دەستگیر کردووە".

فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا (سێنتکۆم) لە تۆڕی  کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوی کردەوە، هێزە سەربازییەکانی ئەمەریکا 5 ئۆپەراسیۆنی لە عێراق و ئۆپەراسیۆنێکی لە سووریا دژی داعش ئەنجامداوە، لە ئەنجامی ئەو ئۆپەراسیۆنانەش، دوو چەکداری ئەو ڕێکخراوەیان کوشتووە، دوو سەرکردەی دیکەشیان دەستگیر کرووە بێ ئەوەی ناو و ناسنامەی دەستگیرکراوەکان ئاشکرا بکات.

سێنتکۆم ئاشکرای کردووە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە هاوبەشی هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە)، هاوکات سووپای عێراق، ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنجامداوە.

ساڵی 2014  ، ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش، ڕووبەرێکی فراوانی ناوچەکانی سووریا و عێراقی داگیر کرد  و خەلافەتی ئیسلامی تیایاندا ڕاگەیاند، تاکو ساڵی 2017 لە عێراق و ساڵی 2019ـەش لە سووریا بە هاوبەشیی هێزی پێشمەرگە و هێزە کوردییەکان لە سووریا و سووپای عێراق وەدەرنران و کۆتاییان پێهێنرا، بەڵام بەهۆی بۆشایی ئەمنی لە چەند ناوچەیەکی عێراق و گۆڕانکارییەکانی دوایی سووریا، چەکدارانی داعش دەرفەتیان وەرگرت و جموجۆڵەکانیان دەست پێ کردەوە، هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانانیش بە هاوبەشی پێشمەرگە و هێزە کوردییەکانی سووریا و سووپای عێراق، لە هەوڵەکانیان بۆ تێکشکاندنی زیاتری ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە بەردەوامن.