هاووڵاتییانی ڕۆژئاوای کوردستان لە دۆخێکی خراپی ئابووریدا ئامادەکاری بۆ جەژن دەکەن
هاووڵاتییانی ڕۆژئاوای کوردستان لە دۆخێکی خراپی ئابووریدا ئامادەکاری بۆ جەژنی قوربان دەکەن و دەڵێن: نرخی هەموو شتێک گرانە و ناتوانین بیانکڕین.
بارودۆخی ئابووریی هاووڵاتییانی ڕۆژئاوای کوردستان دوای هاتنی دەسەڵاتی نوێی سووریا بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع خراپتر بوو، چونکە لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، مووچەی بەشێکی زۆری فەرمانبەران کە نەدەگەیشتە 40 دۆلاری ئەمەریکش و بەشێکی پێداویستییەکانیی دابین دەکرد، بڕدرا.
لە لایەکی دیکەوە بەشێکی زۆری خێزانەکانی ڕۆژئاوای کوردستان پشت بەو پارەیە دەبەستن کە کەسوکاریان لە وڵاتانی ئەورووپییەوە بۆیان دەنێرن؛ ئەمەش وایکردووە، ئەگەر بە کەمیش بێت، جووڵەیەک لە بازاڕدا هەبێت.
ئەمەل ئەحمەد، هاووڵاتییەکی ڕۆژئاوای کوردستانە و بە پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "هەرچەندە بەهای لیرەی سووری بەراورد بە دۆلاری ئەمەریکی تا ڕادەیەک بەرز بووەتەوە، بەڵام تا ئێستاش نرخی کەلوپەل و پێداویستییەکان هەر گرانە."
بەشێکی تری هاووڵاتییان بۆچوونێکی دیکەیان لەبارەی نرخەکان هەیە. هاووڵاتیی گولستان شێخۆ دەڵێت: بەراورد بە ساڵی ڕابردوو نرخی کەلوپەلەکان هەرزانتر بووە و ڕۆژانە کاتێك دەچینە بازاڕەکان شت دەکڕین، بە ڕوونی بەدی دەکەین.
محەممەد سینانیش دووکاندارێکی ڕۆژئاوای کوردستانە و بە پەیامنێری کوردستان24ـی گوت: "جووڵەی بازاڕ زۆر سستە، بەشێکی زۆری خەڵك مووچەیان نییە و بارودۆخی داراییان زۆر خراپە، تەنیا ئەوانە نەبن کە بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان، پشت بە منداڵ و کەسوکاریان لە وڵاتانی ئەورووپییەوە دەبەستن."
دوای شۆڕشی سووریا، ڕۆژئاوای کوردستان ڕووبەڕووی قەیرانێکی گەورەی ئابووری و ئەمنی بووەتەوە و ژێرخانی ناوچەکە بە تەواوەتی وێران بووە؛ ئەمەش کاریگەریی ڕاستەوخۆی نەرێنی لەسەر ژیانی هاووڵاتییان هەبووە.