نرخی ئاژەڵی قوربانی دابەزیووە

کڕیارانی ئێستای مەیدانی ئاژەڵان، ئەوانەن دەیانەوێت قوربانی بکەن، هەروەها مەترسیی نەخۆشی تای خوێنبەربوون و نەبوونی مووچە و وشکەساڵی ساردی خستووەتە بازاڕ.

عەزیز مەمەند، ئاژەڵفرۆش، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بازاڕی ئەمساڵ لەگەڵ پارساڵ جیاوازە، گوتیشی: بازاڕی پارساڵ باشتربوو، هەروەها لەوەڕ و ئالیکەکی باشیش هەبوو، مووچەش باشتر بوو، بەڵام ئەمساڵ دۆخی هاووڵاتیان وەک پێویست نییە. 

نرخی ئاژەڵی زیندوو بەراوورد بە جەژنی قوربانی ڕابردوو هەندێک دابەزیووە، کە ئاژەڵی بچووک لە 12 بۆ 15% دابەزیووە، نرخی ئاژەڵی گەورەش نزیکەی لە 10% دابەزیووە.

ئەحمەد محەممەد، ئاژەڵفرۆش گوتی: ڕاستە لەگەڵ پارساڵ جیاوازی هەیە بەڵام بەو شێوەیەش نییە، ئێستاش یەک کیلۆ گۆشتی مەڕ و بزن بە حەوت هەزارە، ئەگەر ئاژەڵەکە باش بێت زیاتریش دەکات.

نەخۆشی تای خوێنبەربوون یەکێکە لە هۆیەکانی سستیی بازاڕی ئاژەڵان، بەڵام لە نێوان ئاژەڵفرۆشان هیچ ڕێکارێکی خۆپارێزی جێبەجێ ناکرێت، سەرەڕای ئەوەی چوار حاڵەتی تای خوێنبەربوون لەهەرێمی کوردستان تۆمار کراوە لەگەڵ 35 حاڵەت لە عێراق کە پێنجیان مردوون.

ئەحمەد حەمەدئەمین، گۆشتفرۆش دەڵێت: ئێمە لە ساڵی 1992ەوە قەسابی دەکەین، بەڵام تاوەکوو ئێستا هیچ یەکێکمان یان منداڵێکمان تووشی تای خوێنبەربوون نەبووین.