وەزیری سامانە سروشتییەکان: گرێبەستەکانی بواری وزە خزمەت بە هەرێم و عێراق دەکات

کەمال محەممەد
کەمال محەممەد

کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت ڕایدەگەیەنێت: لەنێوان 18 بۆ 24 هەفتەی دیکە، ئەو کێڵگانەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لەگەڵ دوو کۆمپانیای ئەمەریکا گرێبەستی لەبارەوە کردوون، دەست بە بەرهەمهێنان دەکەن.

لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کوردستان24، کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سروشتییەکان ئاماژەی بەوە کرد، نەوتی هەرێمی کوردستان کە لەڕێگەی کۆمپانیاکانەوە بەرهەم دەهێنرێت، کۆمپانیاکانیش ڕێژەیەکیان لەو بەرهەمهێنانە هەیە، سەدا 60 بەرهەمەکان هی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و سەدا 40ـیش بەرهەمی کۆمپانیاکانن.

وەزیری سامانە سروشتییەکان ئاشکرای کرد، بەر لە وەستانی هەناردەکردنی، ڕۆژانە هەرێمی کوردستان 400 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردەی دەرەوە دەکرد، لەوەتەی هەناردەکردن وەستاوە، پێنج کێڵگە بە تەواوی لە بەرهەمهێنان وەستاون، تەنها 9 کێڵگە ماون لە کۆی 14 کێڵگە کە کاری ئاسایی خۆیان دەکەن، وەزیری سامانە سروشتییەکان دەشڵێت: ئێستا بەرهەمی ڕۆژانەی نەوتی کوردستان 300 هەزار بەرمیلە کە 180 هەزار بەرمیل بەرهەمی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و 120 هەزار بەرمیلیش بەرهەمی کۆمپانیاکانە، دەڵێت: ئەم 180 هەزار بەرمیلەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بەرهەمی دێنێت، 65 هەزاری ڕۆژانە دەپاڵێورێت بۆ سووتەمەنی وێستگەکانی کارەبا، بەنزین و نەوتی ڕەش و گازوایل، بەمەش 115 هەزار بەرمیل دەمێنێتەوە، ئەو بڕەش بۆ هیچ شوێنێک نەڕۆیشتووە، بەڵکو نێردراوە بۆ پاڵاوگەکانی کار و لاناز و قەیوان، لەبەر ئەوەی ئەو پاڵاوگانە دۆستی ژینگەن و لە دەرەوەی یاسا کار ناکەن.

وەزیری سامانە سروشتییەکان دەڵێت: ئەو نەوتەی لە کێڵگەکانەوە دەگوازرێتەوە پاڵاوگەکان، خەڵکێک پێی وایە نەوتەکە دەبردرێتە دەرەوە، لەگەڵ ئەوەی لە سنوورەکان چاودێریی هەیە، وەک وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، جگەلەو سێ پاڵاوگەیە، نەوتمان بە هیچ لایەکی دیکە نەداوە، دوای پاڵاوتنی نەوتەکەش لەو پاڵاوگانە کە دەگەیەندرێتە وێستگەکانی کارەبا و کارگەکانی ئاسن و چیمەنتۆ، خەڵک پێی وایە ئەو تانکەرانەی گواستنەوەی نەوت و سووتەمەنی، وا دەزانن دەبردرێتە دەرەوەی کوردستان.

کەمال محەممەد گوتی: هەرێمی کوردستان نەوت بە قاچاغ نافرۆشێت، ئەو نەوتەی دەفرۆشرێت و دەبێتە موشتەقات لە پاڵاوگەکان، لە خەڵکی خۆمان و حکوومەتی عێراقیشمان نەشاردووەتەوە، دەڵێت: ئێمە ئاشکرامان کردووە، 180 هەزار بەرمیلمان هەیە، لەو ڕێژەیە 65 هەزار بەرمیل ڕۆژانە دەدەینە پاڵاوگەکان بۆ ئەوەی بیپاڵێون و بیدەنە وێستگەکانی کارەبا، ئەوەی دیکەش دەبێتە موشتەقات، ئەو بڕە نەوتەش لە (میزانی پێداچوونەوە) ئەژمار کراوە.

لەبارەی گرێبەستەکانی ماوەی پێشووی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دوو کۆمپانیای ئەمەریکا لە بواری وزەدا، کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سروشتییەکان ئاماژەی بەوە کرد، ئەو گرێبەستە پێشتر لە ساڵانی 2007 و 2008 کرابوو، یەک لەو گرێبەستانە لەگەڵ کۆمپانیای گێنەڵ ئێنرجی بۆ کارکردن لە کێڵگەی میران کرابوو، سەرباری ئەوەی چەندین ساڵ بوو ئەو گرێبەستە کرابوو، بەڵام هیچ کڕیارێکی بەرهەمەکان نەبوو، وەزیری سامانە سروشتییەکان گوتی: لەگەڵ کۆمپانیاکە چەندین دانووستمان کرد، بەڵام نەگەیشتینە هیچ ئەنجامێک، دواجار کێشەکەمان چووە دادگا لە بەریتانیا و لە بەرژەوەندیی ئێمە دادگا بڕیاری دەرکرد، ئەو کێڵگەیەی کۆمپانیاکە کاری تێدا دەکرد، خاوەندارێتی بۆ هەرێمی کوردستان گەڕایەوە، دەشڵێت: ئەو گرێبەستە تازانەی بواری وزە، سوودی بۆ کوردستان و عێراق و کۆمپانیاکانیش هەیە، دەڵێت: ئێمە ژێرخانێکی کارەبامان هەیە و  پێویستمان بە سووتەمەنی غازە، گوتی: ئەو غازەی لەبەردەستی ئێمەدایە، تەنها سەدا 50ـی پێداویستییەکانی ئێمە دابین دەکات، لەگەڵ کێڵگەی میران کە کێڵگەیەکی بەرهەمهێنانی غازە، 8 ملیار پێ سێجا غازی تێدایە، ئەو گرێبەستەمان لەگەڵ کۆمپانیای (ئێچ کەی ئێن ئینێرجی)ـی ئەمریکی کرد، لەبەر ئەوەی کۆمپانیایەکە لە هەرێمی کوردستان هەیە و کاردەکات، لە کێڵگەکانی سەرسەنگ و ئەتروش کار دەکات و کارەکانی سەرکەوتوون، بۆ دابینکردنی سووتەمەنی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا کە خزمەتی هەرێم و عێراق دەکات.

وەزیری سامانە سروشتییەکان لەبارەی کێڵگەی تۆپخانەش گوتی: کێڵگەکە نەوت و غازی لێ بەرهەم دێت، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لەگەڵ کۆمپانیای وێسترن زاگرۆس کە کۆمپانیایەکی ئەمەریکییە گرێبەستی کردووە، پێشتریش کاریان لە کێڵگەی کوردەمیر دەکرد، کەمال محەممەد دەڵێت: بەپێی گرێبەستەکانی کراون، لەنێوان 18 بۆ 24 هەفتەی دیکە، ئەو کێڵگانە گرێبەستییان لەبارەوە کراوە، دەست بە بەرهمهێنان دەکەن.