ترەمپ: چارەسەرێکی نوێمان بۆ تووشبووانی کۆرۆنا دۆزیوەتەوە، لەمەودوا پلازما بەکاردەهێنین

بە تووندی رەخنەی لێدەگیرێت بەهۆی مامەڵەکردنی لەگەڵ ئەو پەتا جیهانییە

K24 - هەولێر

دوای ئەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 176 هەزار کەس لە ئەمەریکا، ترەمپ مژدەی چارەسەرێکی نوێی بۆ تووشبووانی کۆرۆنا راگەیاند. چارەسەرەکەش: بەکارهێنانی پلازمای خوێنی ئەوانەیە، کە لە ڤایرۆسەکە چاکبوونەتەوە.

دوێنێ (یەکشەممە، 23-8-2020) بەرپرسانی ئەمەریکا رایانگەیاند پزیشکان دەسەڵاتیان پێدراوە پلازمای خوێنی ئەوانەی لە کۆرۆنا چاکبوونەتەوە، وەکو چارەسەر بۆ ئەوانە بەکاربێنن، کە بە سەختی تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بە تووندی رەخنەی لێدەگیرێت بەهۆی مامەڵەکردنی لەگەڵ ئەو پەتا جیهانییە، چونکە ئەمەریکا پێشەنگی وڵاتانی جیهانە لەڕووی زۆریی ژمارەی تووشبوون و گیانلەدەستدان بە ڤایرۆسەکە.

ئەو هەنگاوەی بەڕێوەبەرایەتی خۆراک و دەرمانی ئەمەریکا لەکاتێکدایە سەرۆک ترەمپ، کە رۆژانێک وەکو تاکە کاندید سەیردەکرا لە هەڵبژاردنی مانگی نۆڤەمبەری سەرۆکایەتیی ئەمەریکا، گوشارێکی زۆری لەسەرە بۆ کەمکردنەوەی پەتاکە، چونکە کۆرۆنا جگە لەوەی بووەتە هۆکاری گیانلەدەستدانی دەیان هەزار کەس لە ئەمەریکا، زیانێکی زۆریشی بە ئابووریی وڵاتەکە گەیاندووە.

ترەمپ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە کۆشکی سپی رایگەیاند "زۆر خۆشحاڵم بە راگەیاندنێکی مێژوویی لە جەنگەکەمان لە دژی ڤایرۆسە چینییەکە (ڤایرۆسی کۆرۆنا)، کە ژیانی ژمارەیەکی بێشووماری خەڵک رزگار دەکات... چارەسەرەکە بەکارهێنانی پلازمای خوێنی چاکبووانی کۆرۆنایە و رێژەی سەرکەوتنیشی سەرسوڕهێنەرە".

هەروەها گوتی "داوا له‌ و كه‌سانه‌ ده‌كه‌م كه‌ تووشی ڤایرۆسه‌كه‌ بوون، بچنه‌ سه‌نته‌ره‌كانی به‌خشینی خوێن و پلازمای خوێن ببه‌خشن بۆ ئەوەی چاره‌سه‌ری ئه‌وانەی پێبكرێت كه‌ تووشی ڤایرۆسه‌كه‌ بوون. ئێستاش 35٪ـی ئه‌وانه‌ی ‌تووشی ڤایرۆسه‌كه‌ بوون به‌هۆی ئه‌وه‌ی پلازما به‌كارده‌هێنن، چاكبوونه‌ته‌وه‌ و ڤایرۆسه‌كه‌یان تێپه‌ڕاندووه‌".

ماڵپەڕی واشنتن پۆست ئاشکرای کرد چارەسەرەکە نوێ نییە و: لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 70 هەزار تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا، پلازمای خوێنی چاکبووانی کۆرۆنایان بۆ بەکارهێنراوە.

پلازما، لە هەرێمی کوردستانیش ماوەیەکی زۆرە وەکو یەکێک لە رێگەکانی چارەسەرکردنی پەتای کۆرۆنا بەکاردەهێنرێت لەو نەخۆشخانەی بە سەختی تووشی پەتاکە بوون، بەپێی گوتەی پزیشکان دژەتەنی بەهێزی تێدایە، کە یارمەتیدەرن لە لەنێوبردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا و رزگارکردنی ژیانی ئەوانەی بە سەختی نەخۆش کەوتوون.

لەگەڵ ئەوەشدا هەمووان لەگەڵ ترەمپ هاوڕانین، بەشێکی پزیشکان رەخنە لەو هەنگاوە دەگرن. لین هۆرۆڤیتز، پسپۆڕی سییەکان لە نەخۆشخانەی لینۆکس هیڵ لە نیویۆرک دەڵێ "پلازما رەنگە ئیش بکات، بەڵام هێشتا دەبێت لە تاقیگە کاریگەریی بسەلمێنرێت، بەڵام نابێت وەکو چارەسەرێک بەکاربێت بۆ ئەو کەسانەی بە سەختی نەخۆش کەوتوون".

دۆزینەوەی ڤاکسین، یان چارەسەرێکی یەکجاریی پەتای کۆرۆنا، یارمەتیدەرێکی زۆر باشی ترەمپ دەبوو لە هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا، کە ئێستا لە کێبڕکێیەکی سەختدایە لەگەڵ جۆو بایدن، کاندیدی دیموکراتەکان، بەڵام چاوەڕوان ناکرێت هیچ ڤاکسین یان چارەسەرێکی یەکجاری تاوەکو کۆتایی هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا بدۆزرێتەوە.