عێراق ڕۆژانە 10 هەزار بەرمیل نەوتی کەرکووک بەدیاریی بۆ ئوردن دەنێرێت
لەگەڵ ئەوەی هاووڵاتییانی کەرکووک گلەیی لە نا شەفافی داهاتی نەوت دەکەن و وەک خۆیان دەڵێن: نازانن داهاتەکەی بۆ کوێ دەچێت، لە هەمان کاتتدا عێراق ڕۆژانە 10 هەزار بەرمیل نەوت بە دیاریی بۆ ئوردن دەنێرێت.
ڕۆژانە لە کێڵگەکانی کەرکووک، 300 بۆ 350 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنرێت، جگەلەوەش نەوت بە قاچاغ لەژێر خاک دەهێندرێتە دەرەوە.
سیروان مستەفا، شارەزای بواری نەوت دەڵێت: بەرهەمی ڕۆژانەی کەرکووک بە باشترین توانا ناگاتە 300 هەزار بەرمیل، دەشڵێت: خۆماڵیی کردنی نەوت ڕێژەی قازانجی کۆمپانیاکانی زۆر کەم کردەوە.
عێراق ڕۆژانە 10 هەزار بەرمیل نەوتی کەرکووک وەک دیاریی بۆ ئوردن دەنێرێت، خەڵکیش گلەیی هەیە و دەڵێن: نازانین داهاتی نەوتەکە چەندە و بۆ کوێ دەچێت، لە کاتێکدا بۆن و دووکەڵەکەی بووەتە مەترسیی لەسەر تەندروستی دانیشتووانی شارەکە.
حاجی کەریم هاووڵاتییەکی شاری کەرکووکە و دەڵێت: کەس نازانێت داهاتی نەوتەکە چەندە و بۆ کوێ دەچێت، تەنها ئەوانە دەیزانن کە دەیفرۆشن.
لەلایەکی دیکەوە، عەبدولقادر جەباری مامۆستای خانەنشین گوتی: ئەگەر نەوتەکە خاوەنی هەبێت، سوودی زۆری بۆ خەڵک دەبێت و دەوڵەتی پێ بونیات دەنرێت و پێش دەخرێت.
عادل خەرامانی کاسبکاریش دەڵێت: ئەو عێراقە نەهەنگ دەیخوات، کەس میللەتی لەبیر نییە.
گلەیی بەردەوامی هاووڵاتییان لە نەبوونی شەفافییەتە، چونکە کەرکووک هیچ بوودجەیەکەی تایبەتی نییە و حکوومەتی عێراقیش پارەی بۆ خەرج ناکات.