بانگەشەی هەڵبژاردن لە گەڕەکە هەژارنشینەکانی بەغدا دەستی پێ کردووە

بەغدا
بەغدا

شێوازی دەست بەسەرداگرتن یاخود کۆکردنەوەی کارتی دەنگدەران لەلایەن کاندیدانەوە لە عێراق جۆراوجۆرن کە ئامانج لێی، بەدەستهێنانی کورسیی پەرلەمانییە.

بابەتەکە تەنها لە کڕینی کارتی دەنگدان لەلایەن کاندیدانی هەڵبژاردنەوە نەوەستاوە، بەڵکو بەڵێنی گەیاندنی خزمەتگوزاریش بە هاووڵاتییان دەدرێت، بەتایبەت لە ناوچەکانی دەورووبەری بەغدا، کاندیدان سوود لەو بۆشاییە خزمەتگوزارییە وەردەگرن کە دانیشتووانی چەند گەڕەکێک بەدەستییەوە دەناڵێنن.

محەممەد ئەحمەد هاووڵاتییەکی گەڕەکێکی هەژار نشینی بەغدایە و دەڵێت: کارەبا کوژاوەتەوە، ئەگەر بگۆڕێکی کارەبا تێک بچێت، دەبێ ئێمەی هاووڵاتییان پارە کۆ بکەینەوە، دواتر پەیوەندیی بکەین بۆ ئەوەی فەرمانگەی کارەبا بێن چاکی بکەنەوە و دووبارە کارەباکە دابگیرسێننەوە، دوای ئەو هەموو زەلیل کردنە، داوای کارتی هەڵبژاردنیش دەکەن، گوتی: ئەگەر گەڕەکەکەمان 400 ماڵی لێ بێت، کاندیدەکان پێمان دەڵێن:" کارتی دەنگدانمان پێ بدەن، بۆ ئەوەی خزمەتگوزارییتان بۆ دابین بکەین.

ئیسماعیل ئەیوب، هاووڵاتییەکی دیکەی گەڕەکە هەژار نشینەکەیە، گوتی: ئەو ئاوەڕۆیەی لە گەڕەکەکەمان هەیە، نەخۆشی بڵاو دەکاتەوە، ئێمە ترسمان لە تەندروستی منداڵەکانمان هەیە، هەر منداڵێک لە نزیک ئاوەڕۆییەکە یاریی بکات، دەبێت دواتر بیبەین بۆ نەخۆشخانە، چونکە بۆنی  پیسی ئاوەڕۆیەکە هەڵدەمژێت و دووچاری ڕشانەوە دەبێت، داوا دەکەین دەسەڵات و پەرلەمانتاران ئەم گرفتە چارەسەر بکەن، گوتی: هیچ شتێک بەخۆڕایی نییە، چونکە کە پەرلەمانتاران دێنە گەڕەکەکەمان، دەیانەوێت کارتی دەنگدان لە هاووڵاتییان وەربگرن.

هەرچی پەیوەستە بە ئاوی خواردنەوەی گەڕەکەکە، وەکو هەر خزمەتگوزارییەکی دیکە، هاووڵاتییان لێی بێبەشن، چەند مانگێکە ئاو نەهاتووەتە نێو بۆرییەکان بۆ ئەوەی بگاتە هاووڵاتییان، بۆیە بە ناچاریی پشت بە ئاوی بیرەکان دەبەستن بۆ دەستکەوتنی ئاوی خواردنەوە.

عەلا کازم گوتی: ئاو نییە، بە ناچاری پەنا بۆ بیرەکان دەبەین، پێویستییەکانی 19 ماڵی گەڕەکەکە لەسەر یەک بیرە، زۆرێک لە خێزانەکان بەهۆی بێ ئاوی، گەڕەکەکەیان بەجێ هێشتووە.