ڕووسیا گورزێکی توندی سەربازیی لە هێزەکانی ئۆکرانیا دا

مۆسکۆی پایتەختی ڕووسیا
مۆسکۆی پایتەختی ڕووسیا

سووپای ڕووسیا ئاشکرای کرد، دوێنێ هەینی 6ـی حوزەیرانی 2025، هێزەکانیان زیانی زۆریان بە هێزەکانی ئۆکرانیا گەیاندووە و چەندین سەربازیانی لێ کوشتووە، هاوکات زۆریك لە کەل و پەل و کەرەستە سەربازییەکانیشیان تێکشکاندووە.

شەممە 7ـی حوزەیرانی 2025، سووپای ئۆکرانیا ڕایگەیاند: هێزەکانی ڕووسیا بە درۆن و مووشەک، دوێنێ شەو توندترین هێرشی کردووەتە سەر شارۆچکەی خارکێڤ.

گوتەبێژی ناوەندی هێزەکانی ڕووسیا، ئەلێکسەندەر سافتشوک ئاشکرای کرد، هێزەکانی ڕووسیا توانیوویانە لەماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا، 455 سەربازی ئۆکرانیا بکوژن، ئەو بەرپرسە سەربازییەی ڕووسیا دووپاتی کردووەتەوە، لە ناوچەکانی کۆبتیڤۆ و دێمیترۆڤ و چەند ناوچەیەکی دیکەش، ڕووبەڕووی هێزەکانی ئۆکرانیا بوونەتەوە، لەو ڕووبەڕووبوونەوانەشدا، 8 زریپۆش و 7 ئۆتۆمبێلی گەورەی سەربازیی، هەروەها 3 تۆپیان تێکشکاندووە، لەگەڵ ئەوەشدا یەکە سەربازییەکانی ئۆکرانیایان لەناوبردووە کە پێکهاتبوون لە 3 یەکەی هێزی وشکانی و پاسەوانیی، لەگەڵ دوو لیوای هێرشبردن کە هێزی ئاسمانیشیان تێدا بوو، سەرباری هێزێکی دەریاوانی و لیوایەکی پاسەوانیی نیشتمانی.

بەپێی زانیارییەکان، هەر لە هێرشەکانی دوێنێ شەودا، هێزەکانی ڕووسیا، لە ناوچەکانی کۆبتیڤۆ و دێمیترۆڤ، کراسنوارمیسک، سێرگییفکا، ئۆداتشنی و ئەلیکسییفکا گورزی توندییان لە هێزەکانی ئۆکرانیا وەشاندووە.

وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا ڕایگەیاند: هێزە ئاسمانییەکانیان، 82 درۆنی بۆمبڕێژکراویان لەسەر ئاسمانی ڕووسیا تێکشکاندووە، وەزارەتەکە لەسەر پێگەی فەرمی خۆیان لە پلاتفۆرمی تیلیگرام بڵاوی کردووەتەوە، دوێنێ زۆرینەی درۆنە بۆمبڕێژکراوەکانیان لەناوچەکانی سەر سنووری نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا، یاخود لە ناوەڕاستی ڕووسیا تێکشکاندووە.

سێرگی سۆبیانین، سەرۆکی شارەوانی مۆسکۆ ڕایگەیاند: دوێنێ هەینی 6ـی حوزەیرانی 2025، شەش درۆنی بۆمبڕێژکراو لەسەر ئاسمانی مۆسکی پایتەخت تەقێندراونەتەوە.