ئایدن مەعروف: حکوومەتی عێراق پابەندی هیچ ڕێککەوتنێک نابێت

ئەمڕۆ شەممە، 7ـی حوزەیرانی 2025، ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "مووچە، کە پرسێکی گرنگ و مرۆڤایەتییە، بەغدا بۆ مەرامی خۆی بەکاری دەهێنێت و پابەند نابێت بەو ڕێککەوتنانەی کە لەنێوان هەرێم و حکوومەتی عێراق دەکرێت."
وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێت: بڕینی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەم کاتەدا بەتایبەت کە جەژنی قوربانە، ستەمێکی گەورەیە کە بەغدا بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان کردی، بڕیارێکی نامرۆڤایەتییە و دژی مافەکانی مرۆڤ و پێچەوانەی دەستووری خودی عێراقە.
گوتیشی: لە ڕابردوودا، چەندان ڕێککەوتن هەبووە، هەرگیز حکوومەتی عێراق پابەندی هیچ کام لە ڕێککەوتنەکان نەبووە، بەتایبەتی پرسی مووچە و بودجە، کە لە دادگای فیدراڵ یەکلا کراوەتەوە لە یاسای موازەنەشدا دەستنیشان کراوە. بەڵام بەداخەوە هەموو مانگێک حکوومەتی عێراق بە بیانووی جۆراوجۆر دەیەوێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نەنێرێت، ئەمەش بە هەموو پرەنسیپەکان نادەستووری و نایاساییە.
باسی لەوەش کرد، پرسی مووچە لەلایەن حکوومەتی عێراقی کراوە بە پرسێکی سیاسی، دەیانەوێت فشاری سیاسی دروست بکەن لەسەر هەرێمی کوردستان.
ئایدن مەعروف، ڕاشیگەیاند "فشارەکانی حکوومەتی عێراق هی ئێستا نییە، بە شێوەیەکی بەردەوام فشار هەیە، لە مانگەکانی ڕابردووش هەمان گرفت هەبووە، لایەنی سیاسیی دیکە لە پشت ئەم بڕیارانەی حکوومەتی عێراقەوەن کە دەیانەوێت لە پێناو بەرژەوەندیی خۆیان پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا تێک بدەن."