ئالوسی: ئەوانەی لە ئاست برسیکردنی فەرمانبەرانی کوردستان لاڵن، ئەهریمەنێکی بێدەنگن
کەسایەتی سیاسیی عێراقی، میسال ئالوسی دەڵێت: ئەوانەی لە ئاست برسیکردنی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لاڵن، ئەهریمەنێکی بێدەنگن و بە شانازیشەوە هاووڵاتیی هەرێمی کوردستانم.
شەممە 7ـی حوزەیرانی 2025، میسال ئالوسی، کەسایەتی سیاسیی عێراقی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، تابلۆیەکی پڕ لە گوزارشتی داناوە کە خانەوادەیەکی ڕەسەنی عێراقی، دایکێک و باوکێک لەگەڵ دوو لە منداڵەکانیان کە یەکێکیان زۆر بچووکە و لە باوەشی دایکییەتی، باوکەکەش تابلۆی ئازادیی عێراقی لە باوەشگرتووە و شارێکی پڕ لە وێرانکاریی و شەڕ لە عێراق بەجێ دەهێڵن، لە پشتیانەوە دووکەڵی شەڕ لە هەموو لایەکی شارەکە بەرزدەبێتەوە؛ تابلۆکە وەک گەیاندنی پەیامێکە و نیشان دەدات، کە خەڵکی عێراق لە بوونی ئازادی بێ هیوا بوون، لە وڵاتێکی پر لە شەڕ و ئاڵۆزیی بێتاقەت بوون.
هەر لە تویتەکەدا، ئالوسی نووسیویەتی: ئەوانەی لە ئاست برسیکردنی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لاڵن، ئەهریمەنی بێدەنگن.
دەشڵێت: من..میسال جەمال ئالوسیم، لیبرالییەکی مەدەنیم، نە شیعە و نە سووننەم، ڕایدەگەیەنم و شانازیش دەکەم کە هاووڵاتییەکی کوردستانیم، لە خۆشی و ناخۆشییەکان، لەگەڵ کەسوکاری خۆم کە کوردن دەوەستم، بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان ڕەت دەکەمەوە و سەرکۆنەی دەکەم.
هەر لە تویتەکەیدا، میسال ئالوسی نووسیویەتی: سەرەڕای ئازاردان و برسیکردنی، بەڵام لە کوردستان بە ڕێزەوە پێشوازیی گەشتیارانی عەرەب دەکرێت.
هەروەها داوا لە دەنگی هاووڵاتییانی عەرەبی سەربەست دەکات، دژی حکوومەتی عێراق و تاوانکاری و سیاسەتی پاکتاوی ڕەگەزی بووەستنەوە، کە دژ بە هاووڵاتیانی و مووچەخۆرانی کورد دەکرێت.
دەشڵێت: ئەمڕۆ هەوڵی برسیکردنی کورد دەدرێت، سبەی هەمووان دەگرێتەوە.
ئەو گوتانەی میسال ئالوسی لە کاتێکدایە، بەر لە جەژنی قوربان تەیف سامى، وەزارەتى دارایی عێراق، بە نووسراوێکی فەرمی حکوومەتی هەرێمى کوردستانى ئاگادار کردەوە لەوەى چیدیکە ناتوانێت لە ناردنى مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت، بە پاساوى ئەوەى بڕى پشکى دیاری کراوى هەرێم لە یاسای بودجە تێ یپەڕاندووە و ئەوەى بەستووەتەوە بە پابەندبوون بە بڕیارى دادگەى فیدراڵی و یاسای بودجەى گشتى و دەڵێت: "19.2 تریلیۆن دینارى داهاتى نەوتى و نانەوتى ڕادەست نەکراوە." لە بەرانبەردا وەزارەتەکانی دارایی و سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان ڕوونکردنەوەیەکدا وەڵامی پاساوەکانی وەزارەتی دارایی و وەزارەتی نەوتی فیدراڵی داوەتەوە، کە هەموو پابەندییەکانیان جێبەجێ کردووە، ئەو بڕیارەشی لە بەغداوە دراوە سیاسییە نەک یاسایی.
الساكت على تجويع موظفي كوردستان شيطان اخرس
— Al-Alusi Mithal (@mithal_al) June 7, 2025
أنا
مثال جمال الالوسي
ليبرالي مدني
لا سني ، لا شيعي
اعلن واتشرف اني #مواطن_كوردستاني
واقف مع اهلي الكورد
بالسراء والضراء
وارفض واندد بقطع #رواتب_موظفي_كوردستان pic.twitter.com/Z1ONr9XzgQ