ئیسرائیل: تەرمی محەممەد سینوارمان دۆزیەوە
ئەمڕۆ شەممە 7ـی حوزەیرانی 2025، ڕادیۆی سوپای ئیسرائیل بڵاوی کردەوە، سوپای وڵاتەکەی تەرمێکیان دۆزیووەتەوە، گومان دەکەن تەرمی محەممەد سینوار، فەرماندەی باڵای بزووتنەوەی حەماس بێت.
ڕادیۆی سوپای ئیسرائیل ئاشکرای کردووە، تەرمەکە لە ژێرزەمینی نەخۆشخانەی ئەوروپایی لە خان یونس دۆزراوەتەوە، پاش ئەوەی نەخۆشخانەکە خاپوور کراوە.
ئاماژە بەوەش دەکات: ئەو تەرمەی گومان دەکرێت هی محەممەد سینوار بێت، لەنێوان 10 تەرمی دیکەی کە چەکدارانی حەماس، لە ژێرزەمینی ئەو نەخۆشخانەیە دۆزراونەتەوە، ڕادیۆکە ئاشکراشی دەکات، سوپای ئیسرائیل ئەو چەکدارانەی لەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییە نوێیەدا کوشتووە کە لە نەخۆشخانەی ئەوروپاییدا کردوویەتی.
ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو، سوپای ئیسرائیل فەرماندەی بزووتنەوەی حەماس، محەممەد سینواری کوشتووە.