مەسك پێشنیازی دامەزراندنی حزبێکی نوێ لە ئەمەریکا دەکات

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای تێسلا و سپەیس ئێکس، دەڵێت: کاتی ئەوەیە حزبێکی نوێ دامەزرێنین کە نوێنەرایەتیی چینی مامناوەندی ئەمەریکا بکات.
شەممە 7ـی حوزەیرانی 2025، ئیلۆن مەسك، بەڕێوبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای تێسلا و سپەیس ئێکس، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، ڕاپرسییەکی بڵاو کردەوە تێیدا پێشنیاز دەکات، حزبێکی نوێ دامەزرێنێت کە نوێنەرایەتیی چینی مامناوەندی ئەمەریکا بکات.
هاوکات، مەسک ئەنجامی ڕاپرسییەکەی بڵاو کردەوە و گوتی: خەڵك هەڵوێستی خۆیان دەربڕی و بە گوێرەی ڕاپرسییەکە، زۆرینەی بەشداربووان پشتیوانیی لە دامەزراندنی حزبێک دەکەن کە نوێنەرایەتیی لە 80%ـی چینی مامناوەندی ئەمەریکا دەکات.
ئیلۆن مەسک، ئاماژەی بەوە داوە، کە دەیەوێت حزبەکەی ناوی "حزبی ئەمەریکا" بێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە پەیوەندییەکانی ئیلۆن مەسك و سەرۆکی ئەمەریکا گرژییەکی زۆری تێ کەوتووە و هەردوولا یەکدی تۆمەتبار دەکەن.