ئێران: بەڵگەنامەی ئەتۆمیی ئیسرائیلمان دەست کەوتووە

دەستەی ڕادیۆ و تەلەفیزیۆنی ئێران بە پشتبەستن بە سەرچاوە ئاگادارەکان بڵاوی کردەوە، دەزگای هەواڵگریی وڵاتەکە، بە دەستخستنی بڕێکی زۆر لە بەڵگەنامە و زانیاری لەسەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئیسرائیل ڕاگەیاند و بە گەورەترین دەستکەوتیش پێناسەی کرد.
شەممە 7ـی حوزەیرانی 2025، دەستەی ڕادیۆ و تەلەفیزیۆنی ئێران بە پشتبەستن بە سەرچاوە ئاگادارەکان، بڵاوی کردەوە، دەزگای هەواڵگریی ئێران، هەزاران بەڵگەنامەی ستراتیجی، زۆر نهێنی و هەستیاری پەیوەست بە پرۆژە و دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئیسرائیل دەست کەوتووە.
دەستەکە ئاماژەی بەوە دا، دەزگای هەواڵگریی ئێران، بۆ دەستگەیشتن بەو زانیارییانە، ماوەیەک لەمەوبەر ئۆپەراسیۆنێکی زۆر نهێنی و وردی لەنێو ئیسرائیل بەڕێوە برد، بەڵام قەبارەی زۆری زانیارییەکان پێویستی بە کاتێکی زۆر بوو تا بە تەواویی بگوازرێنەوە بۆ نێو خاکی ئێران. دەزگاکە، ئەم کارەی بە گەورەترین دەستکەوت پێناسە کرد.
ئەمەش لە کاتێکدایە دەزگای هەواڵگریی ناوخۆیی ئیسرائیل (شاباک) و پۆلیسی وڵاتەکە، 17 ڕۆژ لەمەوبەر دەستگیرکردنی دوو هاووڵاتیی ئیسرائیلییان بە تۆمەتی هاوکاریکردنی ئێران ڕاگەیاند.
بە گوێرەی زانیارییەکانی مێدیا ئیسرائیلییەکان، ئەم دوو دەستگیر کراوە ڕۆڵیان لە دزەپێکردنی بەڵگەنامەکاندا بۆ ئێران هەبووە.
بەڵام هێشتا دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆیان لە نێوان ئەم دوو دەستگیر کراوە و ڕاگەیەنراوەکەی ئێران، ئاشکرا نەکردووە.
هەروەها تا ئێستا کاربەدەستانی ئیسرائیل هیچ لێدوانێکیان لەبارەی ئەم ئۆپەراسیۆنە هەواڵگرییەی ئێران بڵاو نەکردووەتەوە.
گرژییە ئەمنی و هەواڵگرییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل لەم ساڵانەی دواییدا پەرەی سەندووە، بە تایبەتی لەسەر پرسی ئەتۆمی، ئەمنی و هێرشی ئەلیکترۆنی.