ترەمپ: ئەگەر مەسک پاڵپشتی لە دیموکراتەکان بکات، لێکەوتەی خراپ چاوەڕێی دەکات

سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت: ئیلۆن مەسک کەسێکی بێ ڕێزە و ئەگەر پاڵپشتی لە دیموکراتەکان بکات، لێکەوتەی خراپ چاوەڕێی دەکات.
شەممە 7ـی حوزەیرانی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، گوتی: پەیوەندییم لەگەڵ ئیلۆن مەسک نەماوە و ناشمەوێت ئەو پەیوەندییەی نێوانمان چاک ببێتەوە.
سەرۆکی ئەمەریکا، ئاماژەی بەوە دا، ئەگەر ئیلۆن مەسك پاڵپشتی لە کاندیدە دیموکراتەکان بکات و پارەداریان بکات، رووبەڕووی لێکەوتەی زۆر خراپ دەبێتەوە.
دەشڵێت: بەڕاستی ئیلۆن مەسک دەرهەق بە سەرۆکی ئەمەریکا زۆر بێ ڕێزە.
پێشتر دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و ئیلۆن مەسك بەڕێوبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای تێسلا و سپەیس ئێکس و سەرۆکی پێشووی ئاژانسی کارامەیی حکوومەت، هاوپەیمانێکی نزیکی یەکدی بوونە، بەڵام مەسك ڕەخنەی توندی ئاراستەی پرۆژە یاسایەك کردووە کە لە لایەن سەرۆکی ئەمەریکاوە پێشنیاز کرابوو، بەمەش دۆستایەتی نێوانیان بە تەواوی تێكچووە.