کتێبی 'خانمە ناودارەکانی کەرکووک' بڵاو کرایەوە

ئەمڕۆ یەکشەممە، 8ـی حوزەیرانی 2025، عەبدولستار عەزیز، نووسەری کتێبی "خانمە ناودارەکانی کەرکووک" تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند "ئەمە یەکەمین کتێبە سەبارەت بە مێژووی شاری کەرکووک کە تایبەت بێت بە خانمان، بەرگی یەکەمی کتێبەکە پێک هاتووە لە 164 لاپەڕە."
نووسەر دەڵێت: کتێبە 36 خانمی لە هەموو بووارەکاندا لە خۆ گرتووە، بواری نووسین، هونەر، سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئەنفال، لەڕووی سیاسییەوە باسی لەیلا قاسمی تێدایە کە سیمبولی ئافرەتی تێکۆشەری کوردە، لە ڕووی ئەنفالیشەوە ئیڤانی تێدایە لە کاتی ئەنفالەکە لەناو زینداندا لەدایک بووە، لە ڕووی نووسینیشەوە ئەحلام مەنسوور و هێرۆ کوردەی تێدایە، کە لە بواری نووسیندا زۆر بوێر بوون. لە ڕووی شێوەکاریشەوە نەرمین ئەحمەد ئەسوود، یەکەم ئافرەتە لە کەرکووک پێشانگای کردووەتەوە لەگەڵ تارا خەلیلی، شێوەکار.
دەشڵیت: ناوی ئەو خانمانەی ناودارن لە بەرگی یەکەمی کتێبەکەدا هەن. بەردەوامیشە لە نووسینی بەرگی دووەمی کتێبەکە.
عەبدولستار عەزیز، ڕاشیگەیاند "یەکەم کتێب لەسەر خانمانی کورد، ساڵی 1969وە لەلایەن جەبار جەباری نووسراوە؛ ئەم کتێبەش، یەکەم کتێب دەبێت لەسەر خانمانی کوردی شاری کەرکووک."