هیچ یاریزانێک نەیتوانی ببێتە مێسی
کۆمەڵێک یاریزانی نوێ لە سەرەتای کاروانی وەرزشیان ناسناوی مێسی نوێیان لێنراوە و چاوەڕێ دەکرا، رۆژێک لە رۆژان بتوانن هاوشێوەی ئەفسانە ئەرجەنتینیەکە دەربکەون، بەڵام هیچ کام لەم یاریزانانە نەیانتوانی رێگەی لیۆنێل مێسی بگرن.
1- لی سوونگ وو
سەردەمانێک ئەو یاریزانە گەنجە بە مێسی کۆریای باشوور ناوبانگی دەرکرد، ئەو یاریزانە لاوە پێگەیشتووی ئەکادیمیای یانەی بارسێلۆنا بوو و چاوەڕێ داهاتوویەکی گەشیان لێدەکرد، بەڵام دوای جێهێشتنی بارسێلۆنا و چوونی بۆ ئیتاڵیا، ئەو یاریزانە لاوە چیدیکە نەیتوانی بگەڕێتەوە سەر ئەو ئاستەی کە لە ئەکادیمیای بارسێلۆنا پێشکەشی دەکرد.
2- گای ئاسولین
ئەو یاریزانە لاوە ئیسرائیلەش بە یەکێک لە تازە دەرکەوتووەکانی ئەکادیمیای بارسێلۆنا ناوبانگی دەرکرد و یەکەم یاریشی لەسەردەمی پێپ گواردیۆلا ئەنجامدا، بەڵام لەناکاو پێکانێکی قورس رووبەڕووی بویەوە و داهاتووەکەی گۆڕی، دواجار ئەو یاریزانە لاوە بڕیاریدا ریزەکانی بارسا جێبهێڵێت و پەیوەندی بە مانچێستەر سیتی کرد.
3- ژان ماری دۆنگۆو
هاوشێوەی لیۆنێل مێسی ئەو یاریزانە کامیرۆنیە یاری بۆ هەرسێ ئاستەکانی یانەی بارسێلۆنا کرد، یانە کەتەلۆنیەکە هیوایەکی زۆری لەسەر ئەو یاریزانە لاوە هەڵچنی، بەڵام دواجار ئەو یاریزانەش زۆر بەبێ دەنگی ریزەکانی یانە کەتەلۆنیەکەی جێهێشت، ریاڵ ساراگۆسا و خیمناستیک دیارترین ئەو یانانەن کە ژان ماری یاری بۆ کردوون.
4- جۆڤانی دۆس سانتۆس
دۆس سانتۆس لە تەمەنی 12 ساڵی لە یانەی مۆنتێری مەکسیکی گواسترایەوە تیپی لاوانی یانەی بارسێلۆنا، هەروەها ئەو یاریزانە دواتر یاری بۆ یانەکانی تۆتێنهام و ئێپسویچ تاون و گالاتاسارای و چەندان یانەی دیکەش کرد، بەڵام هەرگیز ئەویش هاوشێوەی دەیان یاریزانی لاوی دیکەی بارسێلۆنا، نەیتوانی ببێتە مێسی نوێی یانەکە.
5- لوکا رۆمێرۆ
ئەو یاریزانە مەکسیکەیەش ناسناوی مێسی مەکسیکی لێنرابوو، بەو هیوایەی بتوانێت رێچکەی ئەفسانەی تانگۆ و یانە کەتەلۆنیەکە بگرێتە بەر، بەڵام دیسان ئەمیش توانای ئەوەی نەبوو و دواجار ریزەکانی بارسێلۆنای جێهێشت.