هەولێر.. 123 کەس لە کاتی سەربڕینی ئاژەڵی قوربانی بریندار بوون

به‌ڕێوه‌به‌ری‌ نه‌خۆشخانه‌ی فریاكه‌وتنی ڕۆژئاوای هه‌ولێر ڕایدەگەیەنێت، لە دوو ڕۆژی جەژنی قورباندا پێشوازییان لە زیاتر لە 1100 کەس کردووە، 123ـیان لە کاتی سەربڕینی ئاژەڵی قوربانیدا  بریندار بوونە. 

له‌ ڕۆژانی جه‌ژنی قورباندا له‌ نه‌خۆشخانه‌ و بنكه‌ ته‌ندروستییه‌كانی هه‌ولێر و شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان ده‌وام ئاساییه‌، پێشوازیی له‌ نه‌خۆش ده‌كرێت و خزمه‌تگوزارییه‌ ته‌ندروستییه‌كان پێشكه‌ش ده‌كرێن.

یەکشەممە، 08-06-2025، د. كاروان یاسین نانه‌كه‌لی، به‌ڕێوه‌به‌ری‌ نه‌خۆشخانه‌ی فریاكه‌وتنی ڕۆژئاوای هه‌ولێر بە ئەحمەد عەبدولسەمەد، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "سەرەڕای ئەوەی وەزارەتی دارایی عێراق مووچەی پزیشکان و هەموو فەرمانبەرانی دیکەی هەرێمی کوردستان خەرج نەکرد، بەڵام پزیشک و کارمەندانی نەخۆشخانەکەمان هاوشێوەی هەموو نەخۆشخانە حکوومەتییەکانی دیکە، لە دەوامی ئاسایی خۆیان بەردەوامن و 24 کاتژمێر پێشوازیی لە نەخۆش دەکەن."

به‌ڕێوه‌به‌ری‌ نه‌خۆشخانه‌ی فریاكه‌وتنی ڕۆژئاوای هه‌ولێر ئاماژەی بەوەش دا "ڕۆژی یه‌كه‌می جه‌ژنی قوربان، پێشوازیی له‌ 674 نه‌خۆش  و لە ڕۆژی دووەمیش پێشوازیی لە 479 نەخۆش کراوە. بەراورد بە ڕۆژانی ئاسایی، ڕێژەکە بۆ نزیکەی سەدا 40 زیادی کردووە، ئەمەش لەبەر ئەوەی بەشێکی زۆری بنکە تەندروستییەکان و نۆرینگە تایبەتەکان لە ڕۆژانی جەژندا داخراون و هاووڵاتییانیش ناچار دەبن سەردانی نەخۆشخانەکان بکەن."

د. كاروان یاسین نانه‌كه‌لی، باسی لەوەش کرد "له‌ دوو ڕۆژی جەژنی قورباندا 123 كه‌س له‌ كاتی سەربڕینی ئاژەڵی قوربانیدا، بریندار بوون و سەردانی نەخۆشخانەی فریاكه‌وتنی ڕۆژئاوای هه‌ولێریان کردووە؛ بەشێکیان قاچ و دەستیان بریندار بوو."

به‌ڕێوه‌به‌ری‌ نه‌خۆشخانه‌ی فریاكه‌وتنی ڕۆژئاوای هه‌ولێر ئەوەشی خستە ڕوو "لە دوو ڕۆژی جەژندا، 52 حاڵەتی ڕووداوی هاتوچۆ لە نەخۆشخانەکە تۆمار کراون و کەسێک بەو هۆیەوە گیانی سپاردووە."