ڤیان دەخیل: حکوومەتی عێراق بڕوای بە دەستوور نییە

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق و گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، هەر حکوومەتێک هاتبێتە سەر دەسەڵات کێشەی بۆ هەرێمی کوردستان دروست کردووە، چونکە حکوومەتی عێراق بڕوای بە دەستوور نییە.
یەکشەممە، 8ـی حوزەیرانی 2025، ڤیان دەخیل، ئەندامی پەرلەمانی عێراق و گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، هەر حکوومەتێکی عێراقی هاتبێتە سەر دەسەڵات، دەزانێت دەستووری عێراق چییە، چونکە دوای ڕووخانی ڕژێمی دیکتاتۆری عێراق، ئەوان لەگەڵ ئێمەدا بوون لە دانانی دەستوور.
ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت: ئەگەر بێت و باس لە ماف و ئیمتیازی هەرێمی کوردستان بکرێت، ئەوان وا دەنوێنن کە هیچ شتێک دەربارەی دەستوور نازانن! ئێمە هەمووکات دەڵێین ئەوان بنەمای فیدراڵی نازانن و نازانن چۆن هەڵسوکەوتی لەگەڵ بکەن. ئەمە وا نییە، ئەوان زۆر باش دەزانن و زۆر بە باشیش دەستووریان خوێندووەتەوە. بەڵام تا ئێستا قبووڵی ناکەن لە دەستووری عێراق ماددەی 117، کە دەڵێت هەرێمی کوردستان با یاسا هەرێمێکی دەستوورییە کیانێکی سیاسییە و حکوومەت و پەرلەمان ی خۆی هەیە.
دەشڵێت: ئێمە هەموو ساڵێک کێشەمان لەگەڵ ئەواندا هەیە، هیچ ساڵێک کێشەکانمان لەگەڵ ئەوان چارەسەر نەبووە، ئێمە دەگەینە ئاستێک، ئەوان دێن بە وتارێکی سیاسی یان لێدوانە سیاسییەکانی ئەوان کە بەناو سیاسەتوانن، لە وەزارەتی دارایی، یاخود سامانە سروشتییەکان کێشەیەک دروست دەکەن و هەموویان پێکەوە ڕێک دەکەون تاکوو دژی هەرێمی کوردستان گرفت دروست بکەن.
ڤیان دەخیل، ئاماژەی بەوەش دا، ڕێککەوتنەکانی ئێمە لەگەڵ هەر حکوومەتێکی ئەوان کە دێت، لە 12 خاڵی جێگیر و ڕوون پێک هاتووە، کە یاسای نەوت و گازە، بودجەی هەرێمی کوردستانە لەگەڵ چەندان خاڵی دیکە. بەڵام گەر بێننە سەر ئەرزی واقع حکوومەتی بەغدا هەر جارە و بیانوویەک دەگرێ.
ڤیان دەخیل، ڕاشیگەیاند "لیژنەکانی هەرێمی کوردستان هەموو فایلەکانی خۆی بە شێوەیەکی شەفاف و ڕوون بۆ حکوومەتی بەغدا دیاری دەکات، بەڵام بەغدا بە ئارەزووی خۆی بیانوویەک دەدۆزێتەوە دژ بە هەرێمی کوردستان. بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمیش بە بیانووی ئەوەی بودجەی هەرێمی کوردستانی هەمووی داوە، گەورەترین هەڵەیە، چونکە هیچ بەڵگە و ڕاستییەک بۆ پاڵپشتیی ئەو بڕیارە نییە."