فڕۆکەیەک بە ناچاری لە کوەیت نیشتەوە
تیمی فڕۆکەیەکی هێلی کەنداو لە ئاسمان زانیارییان پێدرا لەوەی نارنجۆکێک لەنێو فڕۆکەکەیاندایە، بۆیە فڕۆکەکە زۆر بەخێرایی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی کوەیت بە ناچاریی و بە سەلامەتی نیشتەوە.
یەکشەممە 8ـی حوزەیرانی 2025، کارگێڕی گشتی فڕۆکەوانیی مەدەنی کوەیت لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرای کرد، فڕۆکەیەکی سەر بە فڕۆکەوانیی کەنداو بە سەلامەتی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی کوەیت نیشتووەتەوە پاش ئەوەی هۆشداریی بە تیمی فڕۆکەکە دراوە لەوەی نارنجۆکێک لەنێو فڕۆکەکەیاندایە.
لەگەڵ گەیشتنی ڕاپۆرتی ئاگەدارکردنەوە، ڕێکار و پرۆتۆکۆڵە ئەمنییەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ و لایەنە پەیوەندیدارەکان جێبەجێ کران و تەواوی سەرنشینەکان بە سەلامەتی لە فڕۆکەکە دابەزین بێ ئەوەی هیچ بریندارێکی لێ بکەوێتەوە.
عەبدولڵا ئەلڕاجحی، گوتەبێژی کارگێڕی فڕۆکەخانەکە دووپاتی کردەوە، تەواوی سەرنشینانی فڕۆکەکە گوازراونەتەوە هۆڵێکی فڕۆکەخانە و هەموویان سەلامەتن، ئاشکراشی کرد، تا ئێستاش لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە پشکنین لە فڕۆکەکە دەکرێت بۆ ئەوەی بزاندرێت هیچ هەڕەشەیەکی دیکەی لەسەر نییە.
عەبدولڵا ئەلڕاجحی ئاماژەی بەوەکرد، ڕووداوەکە کاریگەریی لە جووڵەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی کوەیت نەکردووە و گەشتەکان ئاسایی دەکرێن، ئاشکراشی کرد، لێپرسینەوە لەگەڵ ئەو کەسە دەکرێت کە هەواڵ و زانیاریی لەبارەی بوونی نارنجۆکەکە لەنێو فڕۆکەکە داوە.
بەیاننامەکە دووپاتی ئەوە دەکاتەوە، تیمی فڕۆکەوانی و لایەنە ئەمنییەکان هاوکاربوونە لە تێپەڕاندنی بارودۆخەکە بەسەلامەتی، هاوکات ئاماژە بەوە دەکات، کوەیت پابەندە بە پێوەرەکانی ئاسایش و سەلامەتیی لە بواری فڕۆکەوانیی مەدەنی.