مۆسکۆ 90 سەکۆی هەڵدانی مووشەک بۆ ئێران دابین دەکات

بەڵگەنامە دزەپێکراوەکانی کەرتی پیشەسازیی بەرگریی رووسیا دەریدەخەن، مۆسکۆ پلانی داڕشتووە 90 سەکۆی پێشکەوتووی هەڵدانی مووشەکی ئاراستەکراو بۆ ئێران دابین بکات، کە لە هێلیکۆپتەرەکانەوە هەڵدەدرێن.

هەینی 6ـی تشرینی دووەمی 2026، رۆژنامەی گاردیان-ی بەریتانی بڵاویکردەوە، ئەو بەڵگەنامانەی کۆمپانیای دالاس ئەنالیتیکس-ی ئۆکرانی تایبەت بە هەواڵگری بەدەستهێناون و لەگەڵ رۆژنامەکەیان هاوبەشیان کردوون. وردەکاریی پلانەکانی دابینکردنی سەکۆی هەڵدانی مووشەکی ئاراستەکراوی جۆری LMUR لەخۆ دەگرێت، کە لە هێلیکۆپتەرە هێرشبەرەکانەوە دەهاوێژرێن و هێزەکانی رووسیا لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی فراوانی ئۆکرانیا لە ساڵی 2022ـوە بە فراوانی بەکاریان هێناوە.

بەگوێرەی بەڵگەنامەکان، خشتەیەکی بەرهەمهێنان کە لە ئایاری 2024 لەلایەن کۆمپانیای ڤیمبیل-ەوە ئامادەکراوە، داواکارییەکی بۆ دابینکردنی 90 سەکۆی هەڵدان لەخۆ گرتووە. ئەو کۆمپانیایە پسپۆڕە لە دیزاینکردنی مووشەک و سیستەمەکانی هەڵدانیان، کە ئەم داواکارییە لەژێر گرێبەستی هەناردەکردنی ژمارە K-10 دایە و کاتەکانی گەیاندنیشی لە نێوان کۆتایی 2024 و کانوونی یەکەمی 2025 دیاریکراون. بەڵگەنامە ناوخۆییەکانی دیکە بە راشکاوی ئێران وەک ئەو لایەنە دیاریدەکەن کە مەبەست لەم کۆدەیە.

تۆمارەکان پشتڕاستیان نەکردووەتەوە کە ئایا سەکۆکان بە راستی گەیەندراونەتە ئێران یان نا. لەگەڵ ئەوەشدا خشتەیەکی دیکەی بەرهەمهێنان کە شەش فڕۆکەی مەشقکردنی جۆری یاک-130 بۆ ئێران لە ساڵی 2023 لەخۆ دەگرێت، لەگەڵ راپۆرتەکانی پێشوو سەبارەت بە گەیاندنی ئەو فڕۆکانەدا یەکدەگرێتەوە.

ئەم زانیارییانە لە کاتێکدایە واشنتن تاوتوێی هەنگاوەکانی داهاتووی لە شەڕی دژی ئێران دەکات، دوای هەڵبژاردنی نیوەی خولی ئەمریکا. چاودێران پێیان وایە مۆسکۆ یەکێکە لە دیارترین سوودمەندانی درێژکردنەوەی ماوەی ململانێکان، بەهۆی ئەو دەستکەوتە ستراتیژی و ئابوورییانەی کە بۆی بەدەست دێت.

رووسیا سوودمەند بووە لە بەرزبوونەوەی نرخی وزە لە سەرانسەری جیهاندا، بەهۆی تێکچوونی جموجۆڵی گواستنەوەی دەریایی لە گەرووی هورمز و ئەو هێرشانەی کە دامەزراوەکانی وزەیان لە کەنداو کردە ئامانج. داهاتە بەرزەکانی نەوت بۆ کرێملین سەرچاوەی زیادە دابین دەکات بۆ خەرجکردنی شەڕی ئۆکرانیا و رەنگە گوشارەکانی سەر بودجەی رووسیا کەم بکاتەوە.

شەڕەکە بووەتە هۆی ئەوەی سەرنجی نێودەوڵەتی و سەرچاوە سەربازییەکانی رۆژئاوا لە ئۆکرانیا دووربخرێنەوە، ئەمەش گوشارەکانی سەر توانای کیێڤ بۆ بەدەستهێنانی مووشەکی بەرگریی ئەمریکیی سیستەمی پاتریۆت زیاد کردووە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا چەندین جار گرنگیی پشتیوانیی رووسیای بۆ ئێرانی کەمکردووەتەوە. مانگی رابردوو ترەمپ نووسیویەتی، مۆسکۆ کەمترین شت دەکات ئەگەر هەر شتێک بکات بۆ یارمەتیدانی تاران، ئاماژەی بەوەشکردووە نایەوێت رووسیا لەو گفتوگۆیانە دوور بخاتەوە کە ئامانجیان کۆتاییهێنانە بە شەڕی ئۆکرانیا.

ئەم لێدوانانە پێچەوانەی ئەو ئەنجامانەن کە دەزگاکانی هەواڵگریی ئەورووپا گەیشتوونەتێ. ئەو دەزگایانە دەریدەخەن رووسیا زانیاریی گرینگ و وێنەی مانگی دەستکردی بۆ ئێران دابین کردووە کە رەنگە یارمەتی بدات هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکاتە ئامانج.

هەروەها دەزگاکانی هەواڵگریی ئەورووپا هۆشدارییان داوە کە مۆسکۆ خۆی بۆ دابینکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو بۆ تاران ئامادە دەکات بۆ ئەوەی دژی ئەمریکا و ئیسرائیل بەکاری بهێنن. هاوکارییە سەربازییەکانی نێوان رووسیا و ئێران لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی فراوانی رووسیا لە ئۆکرانیا لە ساڵی 2022ـوە بە شێوەیەکی بەرچاو فراوان بوون، کاتێک تاران بووە سەرچاوەی سەرەکیی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشبەری جۆری شاهد، کە رووسیا دواتر لە ناوخۆدا دەستی بە بەرهەمهێنانی کرد.

مۆسکۆ راپۆرتەکانی سەبارەت بە دابینکردنی کەرەستەی سەربازی بۆ ئێران بە مەبەستی بەکارهێنان لە ململانێی ئێستادا رەتیکردەوە. هەردوو وڵات لە ساڵی 2025 رێککەوتننامەیەکی هاوبەشی ستراتیژییان واژۆ کرد، کە بڕگەکانی بۆ روبەڕوبوونەوەی هەڕەشە هاوبەشەکان لەخۆ دەگرێت، بەڵام پابەندبوونی بەرگریی هاوبەشی وەک ئەوەی لە رێککەوتننامەی ئەمنیی نێوان رووسیا و کۆریای باکووردا هەیە، لەخۆ ناگرێت.

تاران و مۆسکۆ لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا هاوکاریی نزیکیان پاراستووە. بەرپرسانی باڵای هەردوو وڵات تەنیا لە مانگی تشرینی یەکەمدا سێ کۆبوونەوەی ئاست بەرزیان ئەنجامداوە، ئەمەش ئاماژەیە، بۆ ئەو گرنگییە زیادەی کە هەردوولا بە پەیوەندییەکانیان دەدەن.

مۆسکۆ دەیەوێت رانەگەیەنێت کە هاوکاریی سەربازی لەگەڵ تاران هەیە، لە ترسی ئەوەی پەیوەندیی ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لەگەڵ ترەمپ بکەوێتە مەترسییەوە. هەروەها رووسیا روبەڕووی سنووردارکردن لە تواناکانی بۆ دابینکردنی چەک بۆ ئێران دەبێتەوە، لەژێر ئەو گوشارانەی کە کەرتی سەربازییەکەی بەهۆی پێداویستییەکانی شەڕی ئۆکرانیاوە روبەڕووی بووەتەوە.

بەڵگەنامە دزەپێکراوەکان بەشێک لەو ئاستەنگانە ئاشکرا دەکەن کە پیشەسازیی بەرگریی رووسیا روبەڕووی دەبێتەوە. کۆمپانیای ڤیمبیل لە نامەیەکدا رێکەوتی ئایاری 2024، هۆشداریی داوە کە دواکەوتنی گەیاندنی کەرەستە بنەڕەتییەکان هەڕەشە لە کۆکردنەوەی سەکۆکانی هەڵدانی مووشەک دەکات و رەنگە ببێتە هۆی پەککەوتنی گرێبەستە بەرگرییەکانی حکوومەتی رووسیا.