ئێران هۆشداری لە کەمکردنەوەی هاوکارییەکانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، دەدات

دوێنێ یەکشەممە، ئێران هۆشداری دا لە کەمکردنەوەی هاوکارییەکانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، ئەگەر دەستەی بەڕێوەبەرانی ڕێکخراوی چاودێریی ئەتۆمی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە میانی کۆبوونەوەیەکدا کە بڕیارە ئەمڕۆ، دووشەممە بەڕێوە بچێت، بڕیارنامەیەک بۆ ئیدانەکردنی تاران دەربکات.

تاران ڕۆژی هەینی هۆشداری دایە ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا لە هەر هەڵەیەکی ستراتیجی بەرامبەر ئێران، ئەمەش دوای ئەوەی سەرچاوە دیپلۆماسییەکان پشتڕاستیان کردەوە، ئەم وڵاتانە و ئەمەریکا بە نیازن لە کۆبوونەوەکەدا ڕەشنووسی بڕیارنامەیەک دژی تاران پێشنیاز بکەن.

دوێنێ یەکشەممە، محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دووپاتی کردەوە، ئەو پێشنیازەی واشنتن بۆ ڕێککەوتنی نوێ پێشکەشی کردووە، هەڵگرتنی سزاکان لەخۆ ناگرێت.

لە سەروبەندی کۆبوونەوەی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لە ڤیەننا، بەهرۆز کەمالوەندی، گوتەبێژی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران بە تەلەفزیۆنی فەرمی ئێرانی ڕاگەیاند "بێگومان نابێ ئاژانس چاوەڕێی ئەوە بکات کە ئێران بەردەوام بێت لە هاوکارییە هەمەلایەنەکانی." 

سەرچاوە دیپلۆماسییەکان، ڕۆژی پێنجشەممە، ڕایانگەیاند "سێ وڵاتی ئەورووپایی و لایەنەکانی ڕێککەوتنی ساڵی 2015، سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمی تاران و ئەمەریکا بەنیازن بڕیارنامەیەک دژی ئێران پێشنیاز بکەن، هەڕەشەی ڕەوانەکردنی فایلەکەی بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەن، ئەمەش بەهۆی "نەبوونی هاوکاریی تەواو"ی تاران. ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی پێشتر لە ڕاپۆرتێکدا هاوکارییەکانی ئێرانی "کەمتر لە جێگەی ڕەزامەندی" سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئیدانە کردبوو، هاوکات ئاماژەی بەوەدا کە تاران بەرهەمهێنانی یۆرانیۆمی زۆر پیتێنراوی خێراتر کردووە.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment