ترەمپ، بەمەرج سەردانی ئیسرائیل دەکات

ڕۆژنامەی مەعاریفی ئیسرائیلی ئاشکرای دەکات، چاوەڕوان دەکرێت دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا لە مانگی تەمموزی داهاتوو سەردانی تەلئەڤیڤ بکات، بەڵام پێش گەشتەکەی دەبێت ئیسرائیل مەرجێک جێبەجێ بکات.

دووشەممە، 9ـی حوزەیرانی 2025، ڕۆژنامەی 'مەعاریف' بڵاوی کردووەتەوە، بڕیارە سەرۆکی ئەمەریکا سەردانی ئیسرائیل بکات بۆ بەشداریی لە ڕێوەڕەسمی کردنەوەی یارییەکانی مەکابیە 2025، کە لە 10ـی تەمموزی داهاتوودا دەست پێ دەکات، بەو مەرجەی تا کاتی گەشتەکەی، ڕێککەوتنێک بۆ ئازادکردنی بارمتەکان و ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و حەماس، بکرێت.

زیاتر لە مانگێک ماوە بۆ بەڕێوە چوونی 22هەمین خولی یارییەکانی مەکابیە، کە بڕیارە لە قودس بکرێت، ئەم خولە گەورەترین ڕووداوی وەرزشییە کە جووەکان کۆ دەکاتەوە و  زیاتر لە نۆ هەزار وەرزشوان بەشداریی تێدا دەکەن.

ڕۆی هاسینگ، بەڕێوەبەری گشتیی خولی مەکابیە ڕایگەیاند، "سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا، جۆو بایدن، لەگەڵ شاندێکی گەورەی ئەمەریکایی بەشداریی لە مەکابیەی پێشوودا کردووە."  هەروا گوتی: ئایا ترەمپ دێت؟ بابەتەکە لەبەردەستی خۆیدایە. ئێمەش دەزانین چۆن بە شێوەیەکی گونجاو پێشوازیی لێ بکەین.