سەلمان خدر ڕەتی دەکاتەوە کوڕەکەی لە ئەنجامی ڕاوێژ بە ژیریی دەستکرد مردبێت
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی زانکۆی سەڵاحەددین ڕایگەیاند، قوتابییەکەی کۆلێژی ئەندازیاریی لە ئەنجامی ڕاوێژ بە ژیریی دەستکرد کۆچی دوایی نەکردووە.
سامان عەبدوڵلا بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی زانکۆی سەڵاحەددین بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، زەکەریا سەلمان، قوتابی قۆناغی دووی بەشی ڕووپێوان بوو و نوێنەری قوتابییانی بەشەکەی خۆی بوو لە کۆلێژی ئەندازیاری زانکۆی سەڵاحەددین.
سامان عەبدوڵلا گوتیشی: دوای بەدواداچوون و قسەکردن لەگەڵ 'مام سەلمان خدر' کە باوکی قوتابیەکەیە، ڕەتی کردوە کوڕەکەی لە ئەنجامی ڕاوێژ بە ژیریی دەستکرد و خواردنی دەرمانی هەڵە، کۆچی دوایی کردبێت.
ئاماژەی بەوەش کرد، وێڕای سەرەخۆشیمان لە بنەماڵەی قوتابی زەکەریا سەلمان، پشتڕاستی دەکەینەوە قوتابی ناوبراو بەهۆی بەکارهێنانی دەرمانی هەڵە و ڕێنمایی وەرگرتن لە ژیری دەستکرد کۆچی دوایی نەکردووە.
مام سەلمان، باسی لەوە کردووە، کوڕەکەی من جاروبار فشاری خوێنی دادەبەزی و ئێمەش دەمانبردە نۆرینگە و چاک دەبووەوە، بەڵام ئەم جارە دابەزینی فشاری خوێنی بووە هۆی کۆچی دوایی کوڕەکەم.