زانیاریی نوێ لەبارەی ژیانی ئەسەد و بنەماڵەکەی لە ڕووسیا ئاشکرا دەکرێت

بەشار ئەسەد
بەشار ئەسەد

ماڵپەری "فرانس ئینفو"ـی فەرەنسی لە ڕاپۆرتێکدا، لەسەر زاری بەرپرسێکی ڕووس، ئاماژەی بەوە کردووە، بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا و ماڵباتەکەی لە کۆمەڵگەی "شاری پایتەختەکان"ـی ڕووسیا دەژین و خاوەنی چەندان شوققەیە. 

بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە، کۆمەڵگەکە تایبەتە بە کەسایەتییە دەوڵەمەند و ناودارەکان ‌و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیا گەورەکان‌. ئاماژە بەوەش کراوە، نرخی خانوو و شوقە لەو شوێنە زۆر بەرزە، بۆ نموونە شوققەیەکی 119 مەتری چوارگۆشە، بە نزیکەی یەک ملیۆن ‌و 900 هەزار دۆلار دەفرۆشرێت.

هەمان سەرچاوە باسی لەوەش کردووە، بنەماڵەی ئەسەد ساڵانێک لەمەوبەر، بە شێوەیەکی نهێنی، دەستیان کردووە بە گواستنەوەی سامانەکانیان بۆ ڕووسیا. لەنێوان ساڵانی 2018 بۆ 2019، زیاتر لە 250 ملیۆن دۆلاری کاشیان گواستووەتەوە مۆسکۆ. 

ساڵی 2022، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا سامانی بنەماڵەی ئەسەدی بە نزیکەی دوو ملیار دۆلار خەمڵاند کە لە ڕێگەی نایاسایی وەک قاچاخچێتی چەک‌ و ماددە هۆشبەرەکان کۆ کراوەتەوە.

لە دوای ڕووخانی ڕژێمەکەی لە کۆتاییەکانی ساڵی ڕابردوو، بەشار ئەسەد و بنەماڵەکەی بەرەو ڕووسیا هەڵهاتن و دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە، مافی پەنابەریی مرۆییان پێیان دا. 

ماڵپەڕەکە، لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەیدا باسی لەوەش کردووە ، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەری سووریا، داوایەکی ڕاستەوخۆی ئاراستەی ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا کردووە بۆ ڕادەستکردنەوەی ئەسەد، بەڵام تا ئێستا داواکە قبووڵ نەکراوە.